رووداو دیجیتاڵ
لە سنووری پارێزگای سلێمانی، سێ کۆمپانیا کاری پاککردنەوە دەکەن؛ خاوەنی کۆمپانیای خالید شینکی دەڵێت، لە سەرەتای ئەمساڵەوە "یەک دۆلاریان" لە بانکەکانی سلێمانییەوە وەرنەگرتووە؛ جێگری بەڕێوەبەری کۆمپانیای شکاریش دەڵێت، "سێ رۆژ مۆڵەتمان دابوو بۆ جێبەجێکردنی داواکانمان، بەڵام کەس وەڵاممان ناداتەوە."
رۆژی چوارشەممە 6ـی تەممووزی 2022، شکار شۆڕش، جێگری بەڕێوەبەری کۆمپانیای شکار بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە مانگی ئەیلوولی 2021ـەوە پارەی تەواومان پێنەدراوە، ئەوەی دراوە تەنیا بۆ مووچەی کرێکارەکان بووە؛ پارەی خەرجی کۆمپانیا، خەرجی ئامێرەکان و گاز نادەن، ئێمەش رۆژی یەکشەممە نووسراوێکمان کردووە بۆ شارەوانی و گوتوومانە، تاوەکو چوارشەممە 6ـی تەممووز کاردەکەین و سەرجەم کۆمپانیاکان پێنجشەممە بایکۆت رادەگەیێنین."
هەروەها خالید شینکی کە وەک خۆی دەڵێ، پاککردنەوەی نیوەی سلێمانی لە زبڵ و خاشاک لە ئەستۆی کۆمپانیاکەیدایە. بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە 1-1-2022 لە بانکەکانی سلێمانی یەک دۆلارم وەرنەگرتووە؛ ئەوەی دراوە وەکو هاوکارییەک کاک بافڵ تاڵەبانی پێیداوین، نازانین روو لە کوێ بکەین، دەچینە وەزارەتی شارەوانی هیچ کەسێک وەڵاممان ناداتەوە."
خالید شینکی گوتی، ئەوانیش لەگەڵ کۆمپانیاکانی دیکەدا کار رادەگرن. گوتیشی، "داوامان لە نووسینگەی سەرۆکوەزیران کردووە کە چۆن کێشەی دهۆکیان چارەسەرکرد کێشەکانی ئێمەش چارەسەر بکەن."
رۆژی چوارشەممە 6ـی تەممووز، کەریم مستەفا، بەڕێوەبەری کۆمپانیای هەرێم بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "حەوت مانگە پارەمان وەرنەگرتووە؛ ئەوەی پێماندراوە دوو جاربووە و حیزب وەکو سواڵ پێیداوین؛ بێگومان کارکردن رادەگرین."
سێ کۆمپانیا سنووری پارێزگای سلێمانی لە زبڵ و خاشاک پاکدەکەنەوە؛ کۆمپانیای خالید شینکی بەنزیکەی 600 کرێکارەوە پاککردنەوەی بەشێکی سلێمانی لە ئەستۆدایە، کۆمپانیای شکاریش 780 کرێکاری لە زۆنەکانی دووکان و چەمچەماڵدا هەیە و 350 کرێکاریشی لەنێو شاری سلێمانیدا کاری پاککردنەوە دەکەن، کۆمپانیای هەرێمیش بە نزیکەی 500 کرێکار دوو زۆنی نێو سلێمانی لە زبڵ و خاشاک پاکدەکەنەوە.



