رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هیچ بژاردەیەکی دیکەی لەبەردەمدا نابێت جگە لە قبووڵکردنی هەر رێککەوتنێک کە ئەمریکا لەگەڵ ئێراندا دانوستاندنی لەسەر دەکات.
رۆژی دووشەممە 08-06-2026 ترەمپ لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەی (فاینانشڵ تایمز) دووپاتی کردەوە، "من بڕیاردەرم و هەموو بڕیارەکان دەدەم، نەتەنیاهوو بڕیاردەر نییە،" ئاماژەی بەوەشکرد، هێرشە مووشەکییەکانی ئەم دواییەی تاران هیچ کاریگەرییەکیان لەسەر دانوستاندنەکان نابێت.
ئەم لێدوانانەی سەرۆکی ئەمریکا هاوکاتن لەگەڵ چڕبوونەوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ رێگریکردن لە هەڵوەشانەوەی پرۆسەی ئاشتی، دوای ئەوەی تاران بۆ یەکەم جار لەدوای واژۆکردنی ئاگربەستی نیسانەوە هێرشێکی مووشەکیی بەرفراوانی کردە سەر ئیسرائیل وەک تۆڵەیەک بۆ بۆردومانکردنی بەیرووت.
دۆناڵد ترەمپ لە لێدوانەکانیدا بە روونی پێگەی خۆی و سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلی خستەڕوو و رایگەیاند: "من بڕیارەکان دەدەم. من هەموو بڕیارەکان دەدەم. نەتەنیاهوو بڕیار نادات."
سەبارەت بە هەڵوێستی ئیسرائیل بەرامبەر هەر رێککەوتنێک لەگەڵ تاراندا، ترەمپ گوتی: "نەتەنیاهوو هیچ بژاردەیەکی دیکەی لەبەردەمدا نابێت جگە لە قبووڵکردنی هەر رێککەوتنێک کە ئەمریکا لەگەڵ ئێراندا دانوستاندنی لەسەر دەکات."
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بە هێرشە مووشەکییەکەی رۆژی یەکشەممەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل کرد و رایگەیاند، ئەم پێشهاتانە پرۆسەی دیپلۆماسی راناگرن. ترەمپ گوتی، "هێرشەکانی ئێران هیچ کاریگەرییەکیان لەسەر رێککەوتنەکە یان دانوستاندنەکان نابێت."
گوتیشی: "پێموایە رێککەوتنەکە لەگەڵ ئێراندا بەردەوامە و با بزانین چ روودەدات. با بزانین چۆن شتەکان کۆتاییان دێت، بەڵام ئەو هێرشانە کاریگەرییەکی ئەوتۆیان نەبووە. رێککەوتنەکە لەگەڵ ئێران رەنگە سەرکەوتوو بێت یان سەرنەکەوێت، بەڵام ئەم هێرشانە بە هیچ شێوازێک کاریگەرییان لەسەری نابێت."
سەرۆکی ئەمریکا هۆشداریدا، ئەگەر رێککەوتنەکە شکست بهێنێت، واشنتن دوو بژاردەی توندی لەبەردەستدا دەبێت. ترەمپ گوتی، "شکستی رێککەوتنەکە واتە ئێمە مامەڵە لەگەڵ ئەو بەشەی ناوچەکە دەکەین کە تاوەکو ئێستا بە سەربازی مامەڵەمان لەگەڵدا نەکردووە [ئاماژەیە بۆ ژێرخانی ئەتۆمیی ئێران] یان هێشتنەوەی گەمارۆکە لەسەر ئێران."
ترەمپ گەمارۆ ئابوورییەکەی سەر ئێرانی بە بەهێزتر لە هەر کردەوەیەکی سەربازیی راستەوخۆ دانا و گوتی: "گەمارۆکە رەنگە لە هەر هێرشێک کە کرابێتە سەر ئێران بەهێزتر بووبێت."


