رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ،سەرۆکی ئەمریکا، لە کاردانەوەی هێرشە مووشەکییەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، پەیامێکی ئاراستەی تاران دەکات و رایدەگەیێنێت، کاتی ئەوە هاتووە هێرشەکان رابگیرێن و لایەنەکان بگەڕێنەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە نوێترین لێدوانیدا سەبارەت بە پەرەسەندنی گرژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هێرشەکەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل رایگەیاند: "ئەوەندە بە ئێران دەڵێم؛ هێرشەکان رابگرن. ئێوە مووشەکەکانی خۆتان هاوێشت، ئیدی بەسە."
ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو چاوەڕوانی ئاشتی و رێککەوتنی کردووە نەک پێکدادانی سەربازی، لەو بارەیەوە گوتی: "دەمویست بڵێم رێککەوتنەکە رۆژی دووشەممە، سێشەممە یان چوارشەممە واژۆ دەکرێت، کەچی ئێستا دەبینین ئەم هێرشانە روودەدەن."
سەبارەت بە ئامادەیی وڵاتەکەشی بۆ هەر ئەگەرێک، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند: "سوپای ئەمریکا لە تەواوی ئامادەباشیدایە"
هاوکات قەرارگەی خاتەمولئەنبیای ئێران هێرشی مووشەکی بۆ سەر ئیسرائیلی پشتڕاست کردەوە و هۆشداری دەداتە ئەو وڵاتە و دەڵێت، لە ئەگەری بەرفراوانکردنی هێرشەکانی بۆ سەر زاحیەی بەیرووت یان وەڵامدانەوەی هەنگاوەکەی ئێران، رووبەڕووی لێدانی تووندتر و پەشیمانکەرەوە دەبێتەوە.
پێشتر سوپای ئیسرائیل باشووری بەیرووتی بۆردوومان کرد و رایگەیاند، دوو مووشەک کە لە لوبنانەوە بەرەو ئیسرائیل هاوێژرابوون، خراونەتە خوارەوە، لە بەرامبەردا تاران بە تووندی هۆشداری دا و هەڕەشەی وەڵامدانەوەیەکی "بەئازار و یەکلاکەرەوە"ی کرد.
ئیبراهیم رەزایی، گوتەبێژی لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی لە پەرلەمانی ئێران، هەڕەشەی "وەڵامدانەوەیەکی یەکلاکەرەوە و بەئازار"ـی کرد لە دژی هێرشەکەی بەیرووت.



