رووداو دیجیتاڵ
کۆڵبەرێکی خەڵکی سەردەشتی رۆژهەڵاتی کوردستان کە چەند رۆژ لەمەوبەر لەلایەن هێزە ئەمنییەکان لەسەر سنوور تەقەی لێکرابوو، بەهۆی سەختی برینەکەی گیانی لەدەستدا.
ئەمڕۆ دووشەممە 25ی ئایاری 2026 رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویانکردەوە: "کۆڵبەرێکی خەڵکی سەردەشت بە هۆی تەقەی هێزەکانی ئێران کوژراوە."
بەپێی ئەو رێکخراوانە، چەند رۆژ بەر لە ئێستا هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە سنووری جاسووسانی سەردەشت تەقەیان لە قازی کاوانی کردووە.
قازی کاوانی بەهۆی سەختی برینەکەی گواسترابووەوە نەخۆشخانەی گشتی شاری مهاباد، بەڵام شەوی رابردوو گیانی لەدەستدا.
قازی کاوانی خەڵکی گوندی "دۆڵەتوو"ی سەر بە شاری سەردەشتە.
بەپێی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، ساڵی رابردوو 26 کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان کوژراون و 31 کۆڵبەریش بریندار کراون.
