رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو، بەشێک لە پردی نوێی حەمرین لە پارێزگای دیالە، کە بە درێژترین پردی عێراق دادەنرێت، رووخا و زیانی پێگەیشت. بەهۆی ئەم رووداوەشەوە نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، هاتووچۆی شۆفێران بەسەر پردەکەدا بەتەواوی راگیرا.
پردی حەمرین کە درێژییەکەی 7 هەزار و 750 مەترە، لە ساڵی 2022 دەست بە دروستکردنی کراوە و تێچووەکەی گەیشتووەتە 62 ملیار و 600 ملیۆن دینار. هەرچەندە تائێستا 80%ـی کارەکانی تەواو بووە، بەڵام بەهۆی خراپی و تێکچوونی رێگا کۆنەکە، لە مانگی نیسانی رابردووەوە بەڕووی شۆفێراندا کرابووەوە.
داخرانی پردەکە کێشەیەکی گەورەی بۆ هاتووچۆی نێوان ناوچە جیاوازەکان دروست کردووە، بە جۆرێک شۆفێران ئێستا ناچارن رێگەی جێگرەوەی "ئیمام وەیس" لە خانەقینەوە بەکاربهێنن بۆ چوون بەرەو سەنتەری دیالە و بەپێچەوانەشەوە.
موئەیەد عەلا، شۆفێرە و بە رووداوی گوت، "پردەکە لەو خوارەوە کەوتووە، ئاو هاتووەتە سەری و نیشتووەتە نێو ئاوەکەوە. ئێمە کە لە بەغداوە دێین لێرە تووشی کێشە دەبین بۆ تێپەڕین، دەمانەوێت بەزووترین کات پردەکەمان بۆ چاک بکەنەوە".
مستەفا لەتیف، هەروەها شۆفێرە و بە رووداوی راگەیاند، "کەسێک لە بەغدا یان بەعقوبەوە بێت، لێرە نیو کاژێری پێدەچێت تاوەکو دەگاتە ئەوبەری پردەکە. بەڵام ئەگەر نەیەوێت بەسەر ئەم پردەدا بڕوات و ناچار بێت بە رێگاکانی دیکەدا بسووڕێتەوە، ئەوا کاژێرێک و نیو بۆ دوو کاژێری پێدەچێت".
سەبارەت بە لێکەوتەکانی ئەم رووداوە و چاککردنەوەی پردەکە، ئەحمەد زرگوشی، بەڕێوەبەری ناحیەی سەعدییە بۆ رووداو باسی لەوە کرد، کە پڕۆژەکە هێشتا بە فەرمی لە کۆمپانیای جێبەجێکار وەرنەگیراوە.
زرگوشی دەڵێت، "پڕۆژەکە هێشتا لەسەر ئەستۆی کۆمپانیایە و بەتەواوی وەرنەگیراوە، ئینشاڵڵا کۆمپانیاکە خۆیان کار لەسەر چاککردنەوەی دەکەن و گرفتەکە چارەسەر دەکەن".