رووداو دیجیتاڵ
نووسینگەی کییەر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رەخنەی لە جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا گرت و بە "هەوڵدان بۆ دەستوەردان" لە کاروباری نێوخۆی وڵاتەکەی تۆمەتباری کرد، ئەوەش دوای ئەوەی ڤانس رەخنەی لە شێوازی مامەڵەی لەندەن لەگەڵ دۆسیەی کوشتنی خوێندکارێکی سپی پێست لەلایەن پیاوێکی شوێنکەوتەی ئایینی "سیخ" گرت.
رۆژی هەینی، 5ـی حوزەیرانی 2026، گوتەبێژێک لە ئۆفیسی ستارمەر لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "بینیمان کە هەندێک کەس هەوڵی دەستوەردان لە دیموکراسییەکەمان دەدەن و دەیانەوێ دووبەرەکی لە شەقامەکانماندا بنێنەوە؛" ئاماژەی بەوەش کرد کە خێزانی هێنری نۆواک (خوێندکارە کوژراوەکە) رایگەیاندووە، نایانەوێ کوژرانی کوڕەکەیان بۆ دروستکردنی "دووبەرەکی، رق و کینە یان ئاڵۆزیی زیاتر" بەکاربهێندرێ.
جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا رۆژی هەینی سەرکۆنەی مامەڵەی بەریتانیای لەگەڵ دۆسیەی کوشتنی ئەو خوێندکارە کرد و رووداوەکەی بە"داڕمانی شارستانییەت" بەهۆی کۆچی بەکۆمەڵەوە وەسف کرد.
ڤانس لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی: "هێنری نۆواک بە هەمان شێوازی مردنی شارستانییەتێک کۆچی دوایی کرد: پشتگوێخراو، کەلەپچەکراو لەلایەن دەسەڵاتدارانێکەوە کە نە متمانەیان پێی هەبوو و نە خەمییان بوو، هەروەها تۆمەتبار بە تاوانێکی رق و کینە کە ئەنجامی نەدابوو؛" هەروەها گوتیشی: "کوشتنی ئەو هێندەی مایەی تووڕەییە، هێندەش تراژیدییە."
دۆسیەی هێنری نۆواکی تەمەن 18 ساڵ، کە لەلایەن پۆلیسەوە کەلەپچە کرابوو لە کاتێکدا بەهۆی برینی چەقۆوە خەریکبوو گیانی لەدەستدەدا، لە بەریتانیا بووەتە بابەتێکی زۆر هەستیار. نۆواک لە کانوونی یەکەمی رابردوودا لە شاری ساوسامپتۆن لە باشووری بەریتانیا لەلایەن ڤیکرۆم دیگوای تەمەن 23 ساڵەوە چەقۆی لێدرا. دیگوا کە شوێنکەوتەی ئایینی "سیخ"ـە، بە پۆلیسی گوتبوو کە ئەو قوربانییە و نۆواک سووکایەتیی پێکردووە.
جەی دی ڤانس، کە رەخنەگرێکی دێرینی سیاسەتەکانی کۆچبەرییە لە ئەورووپا، بووەتە باڵاتریین بەرپرسی ئەمریکی کە لێدوان لەسەر ئەو کوشتنە بدات.
ڤانس گوتی: "نۆواک دەبوو ئەمڕۆ لە ژیاندا بێت و واش دەبوو ئەگەر ئەورووپییەکان لە بەرامبەر داگیرکاریی بەکۆمەڵی کۆچبەران وەستابان".

.jpg&w=3840&q=75)
