رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی سیاسیی حیزبوڵڵای لوبنان رایدەگەیێنێت، چەکی گرووپەکەیان پرسێکی ناوخۆیی لوبنانە و دەستبەرداری نابن. دەشڵێت: "ئیسرائیل دەیەوێت مافی هەبێت هەر کاتێک بییەوێت سەروەریی لوبنان ببەزێنێت، ئەوەش بە هیچ شێوەیەک قبوڵکراو نییە."
مەحموود قەماتی، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی سیاسیی حیزبوڵڵای لوبنان، لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 17:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو، تیشکی خستە سەر دوایین پێشهاتەکانی شەڕ و هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ ئاگربەست.
مەحموود قەماتی ئاماژەی بەوە کرد، هەوڵێکی چڕ بۆ گەیشتن بە ئاگربەست لە ئارادایە و نەبیهـ بەڕی، سەرۆکی پەرلەمانی لوبنان، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەوان و لایەنە نێودەوڵەتییەکان وەڵامی پێشنیازەکانی ئەمریکا دەداتەوە، بەڵام گوتی: "تاوەکو ئێستا هیچ گەرەنتییەکی راستی بۆ راگرتنی شەڕ نییە؛ ئەمریکا لەبری گەرەنتی، گڵۆپی سەوزی بۆ ئیسرائیل هەڵکردووە تاوەکو بەردەوام بێت لە کوشتار."
سەبارەت بە مەرجەکانیان، قەماتی جەختی کردەوە کە ئەوان تەنیا "ئاگربەستێکی گشتگیر، تەواوەتی و راستی" قبوڵ دەکەن و گوتی: "ئیسرائیل دەیەوێت مافی ئەوەی هەبێت هەر کاتێک بییەوێت بۆردومان بکات، ئەمە بەزاندنی سەروەریی لوبنانە و قبوڵمان نییە."
لە وەڵامی ئەو دەنگۆیانەی باس لە داماڵینی چەکی حیزبوڵڵا دەکەن، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی سیاسیی حیزبوڵڵا ئەوەی وەک "خەونێکی ئەمریکی - ئیسرائیلی" وەسف کرد و گوتی: "چەکی بەرگری پرسێکی ناوخۆییە. تەنیا دوای پاشەکشەی تەواوەتی ئیسرائیل، راگرتنی دەستدرێژییەکان و ئازادکردنی دیلەکان، ئامادەین لە چوارچێوەی ستراتیژییەتی بەرگریی نیشتمانیدا لەگەڵ لایەنە لوبنانییەکان گفتوگۆ لەسەر چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ چەک بکەین."
قەماتی رۆڵی ئێرانی لە رێگریکردن لە فراوانبوونی هێرشەکان بۆ سەر "زاحییەی باشوور" بە گرنگ زانی و ئاماژەی بەوەش کرد، نەبیهـ بەڕی لەگەڵ وڵاتانی وەک سعودیە، میسر و پاکستان لە پەیوەندیدایە بۆ گەیشتن بە ئاگربەست.
سەبارەت بە دۆخی شەڕ، قەماتی رایگەیاند کە سوپای ئیسرائیل لە هەندێک خاڵدا گەیشتووەتە رووباری لیتانی، بەڵام نەیتوانیوە جێگیر بێت. ئەو ئاماژەی بە قەڵای "شەقێف" کرد، باسی 13 تێکۆشەری کوردی کرد، کە لە ساڵی 1982 لە ناو ئەو قەڵایەدا و لە ریزەکانی رێکخراوی فەڵەستین، دژی ئیسرائیل جەنگان و کوژران، ئەو رووداوەی وەک "نموونەی پاڵەوانێتی لە مێژووی ناوچەکەدا" وەسف کرد.
بۆ یەکەمجار، حیزبوڵڵا ئاماری فەرمیی دیلەکانی لای ئیسرائیل ئاشکرا کرد. مەحموود قەماتی بە رووداوی راگەیاند، تاوەکو ئێستا بە فەرمی 22 چەکداری حیزبوڵڵا لای ئیسرائیل دیلن، بەڵام ئەگەری هەیە ژمارەکە زیاتر بێت، چونکە هێشتا چارەنووسی ژمارەیەک بێسەروشوێن کە لەژێر داروپەردووی خانوە رووخاوەکاندان، دیار نییە.



