رووداو دیجیتاڵ
پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران دەڵێ، بە درۆن و مووشەک هێرشیان کردووەتە سەر چەند پێگەیەکی ئەمریکا لە ناوچەکە و ئاماژە بەوەش دەکات، هێرشەکە لە تۆڵەی بەئامانجگرتنی کەشتییەکی نەوتهەڵگری ئێرانی بووە.
بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە، 03-06-2026، پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیێندراوێکدا هێرشە درۆنی و مووشەکییەکەی بۆسەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی ناوچەکە پشتڕاست کردەوە و رایگەیاند، درەنگانی دوێنێ شەو ئەمریکا هێرشی کردە سەر کەشتییەکی نەوتهەڵگری ئێران، ئەوانیش لە وەڵامدا بە مووشەک هێرشیان کردووەتە سەر کەشتییەک بە ناوی پانایا کە تایبەتە بە ئەمریکا و ئیسرائیل.
هاوکات لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئەمریکا لە هێرشێکی نوێدا بورجێکی پەیوەندیی سوپای پاسدارانی لە باشووری دوورگەی قیشم کردووەتە ئامانج و لە وەڵامدا سوپای پاسدارانیش بە مووشەک و درۆن هێرشی کردووەتە سەر بنکەیەکی ئاسمانیی ئەمریکا لە یەکێک لە وڵاتانی ناوچەکە و هەروەها کەشتیگەلی پێنجەمی هێزی دەریایی ئەو وڵاتە لە بەحرێن.
پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسداران دەڵێ: ''پێشتر هۆشداریمان دابوو ئەگەر دەستدرێژی بکرێ، وەڵامەکە جیاوازتر و قورستر دەبێت و هەر واشمان کرد. پێویستە ئەزموون لەم وڵامانە وەربگرن.''
لە راگەیێندراوەکەدا هۆشدارییەک ئاراستەی ئەمریکا کراوە کە ''تێکدانی ئاسایشی تەنگەی هورمز'' باجێکی قورسی بۆ سوپای وڵاتەکە دەبێت.
ئەو راگەیێندراوە لەکاتێکدایە، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) رەتی دەکاتەوە هێرشەکانی سوپای پاسداران بۆ سەر کەشتیگەلی پێنجەمی سوپاکەی لە وڵاتی بەحرێن و بنکەیەکی ئاسمانی سەرکەوتوو بووبێت و دەڵێت، سەرجەم هێرشە درۆنی و مووشەکییەکانی ئێرانیان تێکشکاندوون.


