رووداو دیجیتاڵ
بە بەشداریی 500 قوتابی لە قوتابخانەی نێودەوڵەتیی شوەیفات لە هەولێر، یەکێک لە گەورەترین کۆنسێرتە میوزیکییەکان لەسەر ئاستی ناوەندەکانی خوێندن بەڕێوەچوو، قوتابیان لەڕێگەی نمایشە هونەرییەکانیانەوە ئامادەبووانیان بردە گەشتێکی کلتووری بەنێو وڵاتانی جیهاندا.
کۆنسێرتەکە پێکهاتبوو لە زنجیرەیەک نمایشی گۆرانی، میوزیک و شانۆگەری گوزارشتیان لە کلتوورە جیاوازەکانی جیهان دەکرد. ستیڤان کلینهانس، بەڕێوەبەری قوتابخانەی شوەیفات لە هەولێر، بە رووداوی راگەیاند: "ئەمە 20مین ساڵی کارکردنی ئێمەیە لە کوردستان. ساڵانە ئەم کۆنسێرتە وەک نەریتێک بەڕێوەدەچێت . مژاری ئەمساڵمان 'گەشتی جیهانیی سابیس' بوو، کە تێیدا ئاهەنگی هەمەچەشنی و فرەکلتووری لە جیهاندا دەگێڕین."
ئامانجی سەرەکیی ئەم چالاکییە، ناساندنی وڵاتانی جیهان و کلتوورە جیاوازەکانە بە قوتابیان، هاوکات پەرەپێدانی بەهرەکانیان و دروستکردنی متمانەبەخۆبوونە لە رێگەی نمایشکردن لەسەر تەختەی شانۆ.
ئێلانورا ئیلیچ، مامۆستای دانس لە قوتابخانەکە، ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمساڵ بەهۆی یادی دامەزراندنی قوتابخانەکانی سابیس، مژاری سەرەکیی ئاهەنگەکە گەشتێک بووە بەنێو ئەو وڵاتانەی کە ئەو سیستمەی خوێندنیان لێیە. گوتیشی: "ئیلهامی چالاکییەکان لەوەوە هاتبوو کە قوتابیان بزانن لە چەند وڵاتی دیکە قوتابخانەکانی سابیس هەن و کلتووری ئەو وڵاتانە چۆنە."
قوتابیانی بەشداربوو بە پەرۆشەوە باس لە ئامادەکارییەکانیان دەکەن. تارین عەلی، یەکێک لە قوتابییەکان دەڵێت: "زۆر دڵخۆشم، هەموو رۆژێک دوای دەوام و تەنانەت رۆژانی هەینیش ئامادەکاریمان دەکرد بۆ ئەوەی ئەم نمایشە جوانە پێشکەش بکەین."
قوتابخانەی نێودەوڵەتیی شوەیفات کە بە سیستمی (SABIS) کاردەکات، ساڵانە لەپاڵ پڕۆسەی خوێندن، چەندین چالاکیی جۆراوجۆری هونەری و وەرزشی بۆ قوتابییەکانی رێکدەخات بە ئامانجی پەرەپێدانی لایەنی کۆمەڵایەتی و کلتوورییان.

