رووداو دیجیتاڵ
وەزیری گەیاندنی عێراق بڕیاری داوە خزمەتگوزاری ئینتەرنێتی بێ بەرامبەر لە کۆڕنیشی شارەکان و شوێنە گشتییەکان دابین بکات. بەڕێوەبەری گەیاندنی کەرکووک دەڵێ، بەهۆی ئەوەی شارەکەیان کۆڕنیشی نییە، بڕیارەکە لەم قۆناخەدا نایانگرێتەوە.
ئەندازیار حوسام محەممەد عەلی، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی گەیاندن و زانیاریی کەرکووک، رۆژی یەکشەممە 7ـی حوزەیرانی 2026 بە رووداوی راگەیاند: "وەزیری گەیاندن بڕیاری داوە بە کاراکردنی ئینتەرنێت لە کۆڕنیشەکان، بەڵام بەداخەوە ئێمە لە کەرکووک کۆڕنیشمان نییە، بۆیە بڕیارەکە ئێستا لێرە جێبەجێ ناکرێ."
بەڕێوەبەری گەیاندنی کەرکووک گوتی، ئێستا لە قۆناخی تاوتوێکردن و گفتوگۆدان بۆ ئەوەی بڕیارێک دەربچێت تاوەکو پلانەکە کەرکووکیش بگرێتەوە.
بە گوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی گەیاندنی عێراق، مستەفا جەبار سەند، وەزیری گەیاندن، بە هاوئاهەنگی ئەو کۆمپانیایانەی گرێبەستیان لەگەڵ وەزارەت هەیە، ئەم دەستپێشخەرییەی راگەیاندووە و کۆمپانیاکانیش دەستیان بە کارەکانیان کردووە لە پارێزگاکانی عێراق.
هەروەها لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، وەزارەت پلانی داناوە دابینکردنی ئینتەرنێتەکە هەموو کۆڕنیشەکانی پارێزگاکان بگرێتەوە؛ جەختیش کراوەتەوە کە جێبەجێکردنی پڕۆژەکە بەپێی خشتەیەکی کاتی دەبێت و بەندە بە ئامادەیی ئەو کۆمپانیایانەی لەو ناوچانەدا گرێبەستیان لەگەڵ وەزارەت هەیە.


.png&w=3840&q=75)