رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی رێکخراوی پاراستنی ژینگەی ئێران رایدەگەیێنێت، دەریاچەی ورمێ هێشتا 2.9 مەتر لە ئاستی ستانداردی ژینگەیی دوورە و بە تەواوەتی نەبووژاوەتەوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات جەنگەکانی ئەم دواییە زیانی گەورەیان بە ژێرخانی ژینگەیی وڵاتەکە گەیاندووە.
شینا ئەنساری، سەرۆکی رێکخراوی پاراستنی ژینگەی ئێران رۆژی یەکشەممە، 7ـی حوزەیرانی 2026، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، هەرچەندە بەهۆی بارانبارینی زستان و بەهاری ئەمساڵەوە دۆخی دەریاچەی ورمێ باشتر بووە، بەڵام هێشتا مەترسییەکان ماون.
بەگوێرەی ئامارەکانی رێکخراوەکە، تاوەکو 4ـی حوزەیران، ئاستی ئاوی دەریاچەکە گەیشتووەتە 1271.13 مەتر و قەبارەی ئاوەکەشی 4.2 ملیار مەتر سێجا تێپەڕاندووە، بەوەش رووبەری ئاویی دەریاچەکە بووەتە 3 هەزار و 160 کیلۆمەتر چوارگۆشە.
شینا ئەنساری ئاماژەی بە کاریگەرییەکانی "جەنگی 12 رۆژە" و "جەنگی 40 رۆژە" کرد لەسەر ژینگەی ئێران و رایگەیاند، تەنیا لە جەنگی 12 رۆژەدا نزیکەی 9 هەزار هێکتار لە ناوچە سرووشتییەکان سووتاون و زیانیان بەرکەوتووە. هەروەها گوتی، لە جەنگی 40 رۆژەدا بینای کارگێڕی و بنکەکانی چاودێریی ژینگە لە 13 پارێزگای وڵات زیانیان بەرکەوتووە.
سەرۆکی رێکخراوی ژینگەی ئێران رەخنەی لە بێدەنگیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گرت بەرامبەر زیانە ژینگەییەکانی جەنگ و ئاشکرای کرد کە بە فەرمی نامەی ناڕەزایەتییان بۆ سکرتێری
گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوی یونێسکۆ ناردووە. گوتیشی: "دۆکیۆمێنتکردنی زیانە ژینگەییەکانی جەنگی 12 رۆژە کۆتایی هاتووە و رادەستی جێگری سەرۆککۆمار بۆ کاروباری یاسایی کراوە، تاوەکو لە دادگا نێودەوڵەتییەکاندا وەک بەڵگەی پێشێلکاری بەکاربهێنرێن."
تۆمارکردنی دوو ناوچەی نوێ لە یونیسکۆ
لە هەواڵێکی مژدەبەخشدا بۆ ژینگەدۆستان، شینا ئەنساری رایگەیاند، ناوچەی پارێزراوی "قومیشلو - کڵاو قازی" لە پارێزگای ئەسفەهان، لە کۆبوونەوەی ئەم دواییەی یونێسکۆ
لە پاراگوای، وەک "ناوچەی دەوڵەند بە زیندەوەر تۆمارکرا. بەمەش ژمارەی ئەو ناوچانەی ئێران کە لەو لیستە جیهانییەدان گەیشتە 14 ناوچە.
هەنگاوەکان بۆ کەمکردنەوەی پیسبوونی هەوا
لەبارەی پیسبوونی هەواوە، ئەنساری ئاماژەی بەوە کرد کە لە ماوەی 22 مانگی رابردوودا، 530 هەزار ئۆتۆمبێلی کۆن لەکارخراون. هەروەها جەختیکردەوە کە رێگرییان کردووە لە سووتاندنی بڕێکی زۆری "مازووت" لە وێستگەکانی کارەبا و کارکراوە بۆ کۆکردنەوەی گازە سووتاوەکانی کێڵگە نەوتییەکان بۆ ئەوەی کەمترین زیان بە هەوا بگات.
سەرۆکی رێکخراوی پاراستنی ژینگەی ئێران هۆشداری دا کە بارانبارینەکانی ئەم دواییە نابێت ببنە بیانوو بۆ فراوانکردنی کەرتی کشتوکاڵ یان پیشەسازییە پڕ بەکاربەرەکانی ئاو، چونکە هێشتا زۆربەی ناوچەکانی ئێران مەترسیی وشکەساڵییان لەسەرە.

.png&w=3840&q=75)

.png&w=3840&q=75)