دەربارە
میشێل یان میخێل هێگەنەر؛ رۆژنامەڤان و وێنەگری هۆڵەندی، خاوەنی ئەرشیڤێکی دەوڵەمەند و هاوکات گرنگی وێنەیە لە کوردستان، لە چەندین ساڵ و لە قۆناخی جیاوازدا، بە هەزاران وێنەی لە کوردستان گرتووە و پاشان هەڵبژاردەیەک لەو وێنانەی کردووە بە ئەلبوومە کتێبێک، کتێبێک جگە لە وێنەی سەرنجڕاکێش، پڕە لە زانیاریی گرنگیش دەربارەی کوردستان.
سەرەتا لە رۆژانی کۆتایی ساڵی 2023، لە شاری دانهاک، لە هۆڵەندا دەست بە وێنەگرتنی ئەم بەڵگەفیلمە کراوە، پاشان لە مانگی ئاداری 2024 دا میخێل هێگەنەر بۆ تۆمارکردن و تەواوکاری بەڵگەفیلمەکە سەردانی کوردستانی کرد و بەشێک لەو ناوچانەی کە پێشتر هەواڵ و دۆخی کورد و کوردستان و شۆڕشەکەی بە جیهان دەگەیاند بەسەرکردەوە.
میخێل یەکێک لەو کەسانەیە زۆر شوێنی کوردستان گەڕاوە، گەڕان لە قۆناخ و لە رۆژگاری جیاوازدا، وێنەی گرتووە و گوتار و کتێبی سەبارەت بە کوردستان و دۆخی ئەوکاتی کورد نووسیوە.
جگە لە بیرەوەری و وێنەکانی ئەو رۆژنامەڤانە، ئەو دیمەن و تۆمارانەی هۆڵەندا لەگەڵ خۆیدا و پێکەوە گەشتێکی درێژ بە هەندێ ناوچە و شوێنی کوردستاندا ئەم بەڵگەفیلمە پێکدەهێنن.
بەرهەمی ساڵی 2025
پرۆدیوسەر و دەرهێنەر: سیروان رەحیم
مۆنتاژ: دیار مەرجان