
بەڵگەفیلمی ئاهەنگم ناوێت، تیشک دەخاتە سەر دیاردەی بەشوودانی منداڵان لە بەریتانیا. چیرۆکی ئەو هەڵمەتە دەگێڕدرێتەوە کە بووە هۆی گۆڕینی یاسایەکی کۆن و بە نایاساییکردنی هاوسەرگیریی خوار تەمەنی 18 ساڵ.
چیرۆکەکە لە ئەزموونی کەسیی پەیزی مەحموودەوە دەستپێدەکات، کە لە تەمەنی 16 ساڵیدا و دوای تەواوکردنی خوێندنی ئامادەیی، بەبێ ویستی خۆی ناچار بە هاوسەرگیری کراوە لەگەڵ پیاوێک کە پێشتر نەیبینیبوو و لە خۆی بەتەمەنتر بوو. ئەم هاوسەرگیرییە کاریگەرییەکی دەروونیی قووڵی لەسەری بەجێهێشت، وای لێکرد هەست بکات وەک ئەکتەرێک دوو ژیانی دەژیا؛ ژیانی کچێکی گەنج لە کۆلێژ و ژیانی ژنێکی ماڵەوە کە بەرپرسیارێتییەکی گەورەی لەسەر شان بوو. پەیزی ئاماژە بەوە دەکات کە لەو تەمەنەدا هێندە منداڵ بووە، شتێکی سادەی وەک دانانی نینۆکی دەستکرد بۆ ئاهەنگەکەی، بۆ ماوەیەکی کورت دڵی خۆش کردووە، ئەمەش نیشانەی سادەیی و منداڵیی بیرکردنەوەی بووە لەو قۆناخەدا.
پێشتر لە ئینگلتەرا و وێڵز، یاسا رێگەی دەدا کەسانی تەمەن 16 و 17 ساڵ بە رەزامەندیی دایک و باوکیان هاوسەرگیری بکەن. ئەم کەلێنە یاساییە بووبووە هۆی ئەوەی دیاردەی هاوسەرگیریی بەزۆرەملێی منداڵان، بەتایبەت لەناو کۆمەڵگە جیاوازەکاندا، بەردەوام بێت. زۆرێک لەم هاوسەرگیرییانە تەنیا لە رێوڕەسمی ئایینیدا ئەنجام دەدران و بە فەرمی تۆمار نەدەکرا، بۆیە ئامارێکی ورد لەسەر ژمارەی قوربانییەکان بەردەست نەبوو. چالاکوانان و رێکخراوەکان ئاماژەیان بەوە دەکرد کە کەیسی کچانی تەمەن نۆ ساڵ، دوازدە ساڵ و چواردە ساڵیان هەبووە کە مەترسیی بەزۆر بەشوودانیان لەسەر بووە.
هەڵمەتی گۆڕینی یاساکە لەلایەن چالاکوانانەوە دەستی پێکرد، کە تێیدا ژنانی کورد رۆڵێکی دیار و کاریگەریان هەبوو. پەیزی، وەک قوربانییەک و خوشکی بەناز مەحموود کە لەسەر "شەرەف" کوژرا، بووە دەموچاوی هەڵمەتەکە. گێڕانەوەی چیرۆکی خۆی لە پەرلەمان و بەردەم میدیاکان، وایکرد کێشەکە زیاتر زیندوو بێتەوە و خەڵک و سیاسەتمەداران لە قەبارەی راستەقینەی کێشەکە تێبگەن.
هێنانەپێشەوەی ئەم پرسە لە پەرلەمان، سەرەتا تووشی سەرسوڕمانی زۆرێک لە سیاسەتمەداران بوو، لەنێویاندا سەرۆک وەزیرانی ئەوکات، بۆریس جۆنسن، کە ئاگاداری بوونی کێشەیەکی لەو شێوەیە نەبوو لە وڵاتەکەیدا. بەڵام دوای بیستنی چیرۆکی قوربانییان و هەوڵی چالاکوانان، پڕۆژەیاساکە پشتیوانییەکی بەرفراوانی لایەنە جیاوازەکانی پەرلەمانی بەدەستهێنا و لە دیمەنێکی دەگمەندا، هەمووان بۆ گۆڕینی یاساکە یەکگرتوو بوون.
لە ئەنجامدا، لە مانگی شوباتی ساڵی 2023، یاساکە بە فەرمی گۆڕدرا و تەمەنی یاسایی بۆ هاوسەرگیری لە ئینگلتەرا و وێڵز بۆ 18 ساڵ بەرزکرایەوە بەبێ هیچ مەرج و رەزامەندییەک. بەپێی یاسا نوێیەکە، هەر کەسێک یارمەتیدەر بێت لە رێکخستنی هاوسەرگیریی کەسێکی خوار 18 ساڵ، جا چ ئەندامی خێزان بێت یان کەسایەتیی ئایینی، رووبەڕووی سزای تاوەکو حەوت ساڵ زیندانیکردن دەبێتەوە. هەروەها بردنی منداڵ بۆ دەرەوەی وڵات بە مەبەستی هاوسەرگیریپێکردنی، بە تاوان ئەژمار دەکرێت.
یاسا نوێیەکە تەنیا ئینگلتەرا و وێڵز دەگرێتەوە و هێشتا لە سکۆتلەندا و ئێرلەندای باکوور گۆڕانکاریی بەسەردا نەهاتووە. جەخت لەوەش دەکرێتەوە کە ئەم گۆڕانکارییە یاساییە بەبێ دەنگی دلێرانەی قوربانییان و هەوڵی چالاکوانان، بەتایبەتی ژنانی کورد، مەحاڵ بوو.
دەرهێنان و مۆنتاژ: زانا نەوزاد
بەرهەمی ساڵی 2025