
دەربارە
بارین، کچێکی تەمەن 8 ساڵانە و تووشبووی نەخۆشییەکی دەگمەنە بە ناوی "ئێسکی شووشەیی"، کە وایکردووە ئێسکەکانی هێندە ناسک بن بە بچووکترین بەرکەوتن بشکێن. دایکی بارین، چیرۆکی ئازارە رۆژانەکانی کچەکەی دەگێڕێتەوە و دەڵێت، "رۆژانە ئازاری کچەکەم دەبینم و گوێم لە شکانی ئێسکەکانیەتی. هەستدەکەم منیش لەگەڵیدا دەسووتێم." بارین، وەک هەر منداڵێکی دیکە حەزی لە یاری و جووڵەیە، بەڵام نەخۆشییەکەی رێگرە. ئەو پرسیارە بێگەردەی کە لە دایکی دەکات، "دایکە، بۆ من وەک هاوڕێکانم نیم تاوەکو یارییان لەگەڵ بکەم؟" وەک خەنجەرێک لە دڵی دایکی دەچەقێت.
تراژیدیای ئەم خێزانە قووڵترە، ئەوان ساڵانێک لەمەوبەر کچە گەورەکەیان بەناوی نگین، بەهەمان نەخۆشییەوە و لە تەمەنی 9 ساڵیدا گیانی لەدەست دا. باوکی دەڵێت، "کاتێک نگین لەنێو دەستماندا گیانی لەدەست دا و هەڵمگرت، بە مردووییش گوێم لە دەنگی شکانی ئێسکەکانی بوو." بەپێی پزیشکەکان، ئەم نەخۆشییە بۆماوەییە و لە هەر 20 هەزار لەدایکبوونێکدا یەک حاڵەت روودەدات. نیشانەکانی تەنیا شکاوی ئێسک نییە، بەڵکو سپێنەی چاوی تووشبووان رەنگێکی شینباوی هەیە، ددانەکانیان لاوازە و قژیان بێهێزە.
بارین، تاوەکو تەمەنی ساڵێک و حەوت مانگی منداڵێکی ئاسایی بووە و بە پێیەکانی خۆی رۆیشتووە، بەڵام رۆژێک لەکاتی یاریکردندا، یەکەم شکان روویدا و لەوکاتەوە دەرگای ئازارەکانی بەڕوودا کرانەوە. ئێستا بەهۆی چاندنی چەند پلاتینێک لە قاچەکانیدا، بارین دەتوانێت بوەستێت و چەند هەنگاوێک بنێت، بەڵام ئەمە چارەسەرێکی کاتییە و پێویستە هەر شەش مانگ یان ساڵێک جارێک بە نەشتەرگەری پلاتینەکان بگۆڕدرێن. خێزانەکەی لە دووڕیانێکدان؛ ئەگەر بارین بجووڵێت، مەترسیی شکانی ئێسکەکانی هەیە و ئەگەریش دابنیشێت، کێشی زیاد دەکات و کێشەی تەندروستیی دیکەی بۆ دروست دەبێت. دایکی بە هەناسەیەکی ساردەوە دەڵێت، "ئەگەر بارین چاک ببووایەوە، لە دنیا هیچ شتێکی دیکەم نەدەویست."
دەرهێنان و مۆنتاژ: زانا نەوزاد
پرۆدیوسەر: بەرزی مەحموود
بەرهەمی ساڵی 2025