
دەربارە
دوای سێ ساڵ لە شەڕی خوێناوی، وێرانکاری و ئازار بوونەتە سیمای شارەکانی رۆژهەڵاتی ئۆکراینا. بۆردوومانەکان نەک تەنیا ژێرخانی سەربازی، بەڵکو گەڕەکە نیشتەجێبووەکانیشیان کردووەتە ئامانج و بوونەتە هۆی ماڵوێرانی و دڵەڕاوکێیەکی بێسنوور. تیمی رووداو لە بەرەکانی شەڕەوە چیرۆکی خەڵک و وێرانکارییەکان دەگێڕێتەوە.
لە کراماتۆرسک، بۆردوومانێک بارەگایەکی سەربازیی لەنێو گەڕەکێکی نیشتەجێبووندا کردووەتە ئامانج. دەیان خانوو و ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییان زیانیان بەرکەوتووە و ترس بووەتە بەشێک لە ژیانی رۆژانەیان. زۆرێک لە دانیشتووان بۆ پاراستنی گیانیان، پەنایان بۆ ژێرزەمینەکان بردووە.
تەنیا 16 کیلۆمەتر لەوێوە، لە سلۆڤیانسک، بنکەیەکی دیکەی سەربازی لەنێو ماڵە سڤیلەکاندا کراوەتە ئامانج. لەنێو ئەم وێرانکارییەدا، نێلا و سێرگی کە 30 ساڵە هاوژینن، ماڵەکەیان لەگەڵ هەموو هیواکانیاندا رووخاوە. ئێستا ئەم دوو هاوژینە بەتەمەنە، کە منداڵیان نییە، لە ماڵی هاوڕێیەکدا دەژین.
بەرەکانی پێشەوەی شەڕ لە هەرێمی دۆنێتسک گۆڕەپانێکی توندوتیژیی بەردەوامە. رێگاکانی بەرەو باخموت، کە زیاتر لە ساڵێکە لەلایەن رووسیاوە کۆنترۆڵکراوە، پڕن لە مەترسی. خەڵکی ناوچەکە لە ترسی پێشڕەوییەکانی رووسیا ماڵەکانیان چۆڵکردووە، کە ئێستا ئامانجیان کۆنترۆڵکردنی شاری ستراتیژیی چاسیڤیارە.
سەربازێکی ئۆکراینی دۆخەکە بە "زۆر قورس و خوێناوی" وەسف دەکات و هۆشداری دەداتە تیمی رووداو: "مەچنە پێشەوە، مەترسیدارە و دەکوژرێن." ئەگەر چاسیڤیار بکەوێت، شارەکانی کۆنستانتینیفکا، کراماتۆرسک و سلۆڤیانسک دەکەونە بەر مەترسیی راستەوخۆ.
لە کۆنستانتینیفکا، زیاتر لە 70٪ی دانیشتووان شارەکەیان جێهێشتووە. بازاڕەکان چۆڵ و دوکانەکان داخراون. ڤلادیسلاڤ، یەکێکە لەوانەی ماوەتەوە و بە تەنیا لە ماڵی هاوڕێیەکیدا دەژی، دوای ئەوەی خانووەکەی بەهۆی بۆردوومانەوە رووخاوە. ئەو دەڵێت: "چەک و تەقەمەنیی پێویستمان نییە، بێگومان دەدۆڕێین. پێموایە پێش دۆڕانەکە، هەموومان دەمرین."
لەکاتێکدا رۆژهەڵات لەگەڵ مەرگدا دەجەنگێت، لە کیێڤی پایتەخت، چاوەکان لەسەر هەوڵە دیپلۆماسییەکانە. بەڵام رێکنەکەوتنی رووسیا و ئۆکراینا لەسەر چارەنووسی ئەو 20٪ی خاکەی ئۆکراینا کە لەلایەن رووسیاوە کۆنترۆڵکراوە، وایکردووە کۆتاییهێنان بە شەڕ هێشتا دوور بێت. بەرپرسانی ئۆکراینا جەخت دەکەنەوە کە "هیچ گفتوگۆیەک لەسەر خاکی ئۆکراینا ناکرێت."
سەرەڕای گفتوگۆکان، ئاسمانی کیێڤ هەموو شەوێک بەهۆی رووبەڕووبوونەوەی درۆنەکانەوە رووناک دەبێتەوە. دایکێک باس لەوە دەکات کە منداڵە چوار ساڵانەکەی پێیوایە دەنگی تەقینەوەکان "هەورەبرووسکە"یە و دەڵێت: "زۆر زەحمەتە بۆی روونبکەمەوە لێرە چی روویداوە. ئەوان شایەنی ئەمە نین."
شارەزایەکی سەربازیی ئۆکراینی پێیوایە، دۆخی شەڕ بەهۆی کەمیی هاوکارییەکانی رۆژئاوا و بەردەوامیی پاڵپشتییەکانی چین، ئێران و کۆریای باکوور بۆ رووسیا، قورستر بووە. ئەو دەڵێت: "دەتوانین بەردەوام بین، بەڵام بێ یارمەتیی سەربازی، مەحاڵە بتوانین بەرامبەر وڵاتێکی وا گەورە بوەستینەوە."
بیرەوەریی تاڵی شاری بووچە، وەک برینێکی قووڵ لە یادەوەریی ئۆکراینییەکاندا ماوەتەوە. لە کڵێسای شارەکەدا وێنەی 509 قوربانی نمایشکراون. تاتیانا، یەکێک لە دانیشتووانی بووچە، هاوسەرەکەی لە باخچەی ماڵەکەیدا لەدەستدا، بەڵام لە ماوەی داگیرکاریدا ژیانی دەیان کەسی پاراست. لەدایکبوونی نەوەکەی هیوایەکی نوێی پێ بەخشییەوە.
دوای سێ ساڵ، لەپشت هەر وێرانییەکەوە چیرۆکێکی مرۆیی هەیە، بەڵام هێشتا ئاوازی بەردەوامیی ژیان لە گۆشە و کەنارەکانی ئۆکراینادا دەبیسترێت.
پرۆدیوسەر و دەرهێنەر: دڵنیا رەحمان
وێنەگر: ئەحمەد عومەر
مۆنتاژ: بڕوا عومەر
بەرهەمی ساڵی 2025