
گرووپێکی سەمای کچانی کورد، بە پاڵپشتیی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، گەشتێکی هونەرییان بۆ کۆریای باشوور ئەنجامدا و لە زانکۆی نیشتمانیی سیۆل، یەکێک لە بەناوبانگترین زانکۆکانی ئاسیا، تابلۆیەکی کولتووریی کوردی و کۆرییان پێشکێش کرد.
گرووپی سەمای کۆمەڵگەی پەروەردەی کوردستان، سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی چالاکی و هونەری قوتابخانەکانی سلێمانییە و لە ساڵی 2016 دامەزراوە و لە 16 کچ پێکدێت. گرووپەکە پێشتر لە بۆنەکانی کۆنسووڵخانەی کۆریای باشوور لە هەرێمی کوردستان بەشدارییان کردووە.
بیرۆکەی گەشتەکە، لە یادی 20 ساڵەی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و کۆریای باشوور دروست بوو، کە نێچیرڤان بارزانی ئامادەی بوو. لەو رێوڕەسمەدا گرووپەکە سەمایەکی کۆرییان پێشکێش کرد و بڕیاردرا وەک هاندانێک سەردانی سیۆل بکەن.
سەرپەرشتیارانی گرووپەکە رایانگەیاند، "زۆر سوپاسی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکەین کە پاڵپشتی سەرەکیی ئەم گەشتە بوو. ئەم دەستپێشخەرییەی بەڕێزیان دەرفەتێکی گرنگ بوو بۆ ئەوەی ئەم گەنجانە کولتووری کوردستان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی نمایش بکەن."
گرووپەکە پرۆڤەی چڕوپڕی بۆ دوو تابلۆی جیاواز کرد؛ یەکەمیان سەمایەکی باوی کۆری بوو بە ناوی "پووچای چوم" کە سەمای باوەشێنە، دووەمیشیان تابلۆیەکی هەڵپەڕکێی کوردی بوو بە راهێنەرایەتیی سۆماخان.
سۆماخان، ئاماژەی بەوەدا کە هەوڵیداوە چەندین جۆری هەڵپەڕکێی ناوچە جیاوازەکانی کوردستان وەک "چەپی، سێ پێی بادینی و شێخانی" تێکەڵ بکات، بۆ ئەوەی تابلۆیەکی دەوڵەمەند پێشکێش بکەن.
بۆ لایەنی میوزیکیش، مامۆستا دلێر حوسێن کاری ئامادەکردن و تێکەڵکردنی چەند ئاوازێکی کوردی بە شێوازێکی رەسەن ئەنجامدا.
لووتکەی گەشتەکە، نمایشەکەیان بوو لە زانکۆی نیشتمانیی سیۆل کە بەپێی ریزبەندییە جیهانییەکان، یەکێکە لە 30 باشترین زانکۆی جیهان.
کچە کوردەکان سەرەتا بە جلوبەرگی کۆرییەوە سەمای "پووچای چوم" و دواتر بە جلوبەرگی رازاوەی کوردییەوە، هەڵپەڕکێی کوردییان نمایش کرد. نمایشەکە کاردانەوەی ئەرێنیی لێکەوتەوە و ئامادەبووانی کۆری سەرسامیی خۆیان بە جووڵە هاوئاهەنگەکان، میوزیکی خێرای کوردی و رەنگینیی جلوبەرگەکان دەربڕی.
یەکێک لە ئامادەبووانی کۆری گوتی، "یەکەمجارم بوو ئاشنای کولتووری ئێوە بم، زۆر بەلامەوە جوان بوو. هەست بە خاڵی هاوبەش دەکەم، بەتایبەت کە هەردوو کولتوورەکەمان گرنگی بە سەمای بەکۆمەڵ دەدەن."
کارگێڕیی زانکۆی نیشتمانیی سیۆل بڕیاریدا کە ئەم چالاکییە بکرێتە نەریتێکی ساڵانە. هەروەها سەرۆکی زانکۆکە رایگەیاند، هەر یەکێک لە کچە بەشداربووەکان دەتوانن لە داهاتوودا بە خۆڕایی لەو زانکۆیە درێژە بە خوێندنی باڵا بدەن.
جگە لە نمایشی سەرەکی، ئەندامانی گرووپەکە سەردانی گوند و قەڵا مێژووییەکانی کۆریایان کرد، جلی نەریتیی کۆری "هانبۆک"یان لەبەرکرد و ئاشنای خواردن و کولتووری رۆژانەی ئەو وڵاتە بوون.
ئەمە یەکەمین چالاکیی کولتووریی لەو ئاستەیە کە لە نێوان هەرێمی کوردستان و کۆریای باشوور لەو وڵاتە ئەنجام دەدرێت و وەک سەرکەوتنێک بۆ دیپلۆماسیەتی کولتووریی کوردستان هەژمار دەکرێت.
وێنەگر و دەرهێنەر: حەیدەر عومەر
وێنەگرتن: حەیدەر عومەر، سارۆیان بەیان
مۆنتاژ: سارۆیان بەیان
بەرهەمی ساڵی 2024