رووداو دیجیتاڵ
موشیر رەماح، سەرۆکی راگەیاندنی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی سووریا رایگەیاند، کە کردنەوەی دەروازەی سنووریی رەبیعە (تەل کۆچەر) دوای 13 ساڵ، ئاماژەیە بۆ گەڕانەوەی چالاکییە ئابوورییەکان. گوتیشی جووڵەیەکی گەورەی بازرگانی و ترانزێت لەنێوان سووریا و عێراق دەستی پێکردووە.
سەبارەت بە قەبارەی بازرگانی، رەماح رایگەیاند کە لە ماوەی مانگێکدا جووڵەیەکی رێکخراو دەستی پێکردووە. زۆر کاڵا لەنێوان هەردوو وڵاتدا هاوردە و هەناردە دەکرێن.
هەروەها ئاماژەی بە جووڵەی ترانزێت کردو گوتی سووتەمەنیی عێراق لە دەروازەکانی تەنەف و تەل کۆچەرەوە دەگوازرێتەوە بۆ بەندەرە نەوتییەکان. وەک نموونەیەکیش گوتی دوێنێ کاروانێکی ترانزێت لە تورکیاوە بە ناو خاکی سووریادا تێپەڕی بۆ عێراق.
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
رووداو: بەڕێز موشیر، گرنگیی دەروازەی سنووریی رەبیعە بۆ سووریا چییە؟
موشیر رەماح: دەروازەی رەبیعەی نێوان سووریا و عێراق خاڵێکی ستراتیژییە کە بۆ ئێمە زۆر گرنگە. تەنیا لەبەر ئەوە نا کە دەروازەیەکی سنوورییە، بەڵکو چونکە خاڵێکی پەیوەندیی ئابووری و لۆجیستییە لەنێوان سووریا و عێراقدا؛ هەروەها لەگەڵ وڵاتانی کەنداو، تاوەکو دەگاتە تورکیا و ئەوروپا. کردنەوەی ئەم دەروازەیە لە مانگی رابردوودا، دوای ئەوەی ١٣ ساڵ داخرابوو، دیارترین ئاماژەیە بۆ گەڕانەوەی چالاکییە ئابوورییەکان و هەروەها جووڵەی گەشتیاران و وەک چالاکییەکی بەرفراوان لەنێوان سووریا و عێراقدا.
رووداو: دوای کردنەوەی ئەم دەروازە سنوورییە، قەبارەی بازرگانیی خەمڵێندراو و پێشبینیکراو بۆ ئەم دەروازەیە چەندە؟
موشیر رەماح: ئێستا ئێمە هەڵسەنگاندن بۆ ئەم قۆناغەی دەروازەکە دەکەین. دەروازەکە نزیکەی مانگێکە دەستی بە کارەکانی کردووە. جووڵەیەکی بازرگانیی رێکخراو و بەردەوام لەنێوان هەردوو لایەنی سووریا و عێراقدا هەیە. زۆر شت هەن کە هەناردەیان دەکەین و هەروەها لە عێراقەوە هاوردەیان دەکەین. هەروەها جووڵەی ترانزێت لەنێوان سووریا و عێراقدا هەیە، لەنێویاندا هەناردەکردنی سووتەمەنیی عێراق لە دەروازەی تەنەف و تەل کۆچەرەوە بەرەو بەندەرە نەوتییەکان. هەروەها کاروانەکانی ترانزێت لە تورکیاوە تێدەپەڕن بۆ عێراق. دواینیان دوێنێ بوو، کاروانێکی ترانزێت لە تورکیاوە هات و بە ناو خاکی سووریادا تێپەڕی و چوو بۆ دەروازەی تەل کۆچەر و دواتر چوونە ناو خاکی عێراق.
رووداو: سووریا لە رێگەی ئەم دەروازەیەوە چی لە عێراق هاوردە دەکات؟
موشیر رەماح: بێگومان زۆر بەرهەم و کەرەستە هەن، کە لەنێوان سووریا و عێراقدا هاوردە دەکرێن. لەنێویاندا دوایین جار چیمەنتۆی عێراق بوو، کە بۆ سووریا هەناردە کرا. زۆر بەرهەمی دیکەی کشتوکاڵی و پیشەسازی وەک شووشە و ئاسن هەن. هەروەها وەک گوتم، هەناردەکردنی سووتەمەنیی عێراق بۆ سووریا و دواتر بۆ بەندەرە دەریاییەکان.
رووداو: ئەو رێککەوتنە چۆنە؟ هەماهەنگیی ئەمنی لەنێوان سووریا و عێراقدا چۆن کراوە؟
موشیر رەماح: بێگومان پەیوەندیی بەردەوام و هەماهەنگیی بەردەوام لەنێوان لایەنی سووریا و عێراقدا هەیە. ئەم هەماهەنگییە راستەوخۆیە لەسەر هەموو ئاستەکان؛ لە بواری ئابووری، بازرگانی و ئەمنیدا. پەیوەندی و گفتوگۆی بەردەوام لەنێوان دەستەی دەروازە سنوورییەکانی سووریا و عێراقدا هەیە. سەبارەت بەم هەماهەنگییە، کاری ئەمنی لەسەر سنووری هەردوو وڵات هەیە. هەروەها ئەم هەماهەنگییە لەنێوان دەستە گومرگییەکانی هەردوو وڵات لەسەر بەرزترین ئاستە و بەردەوامە.
رووداو: ئایا ژێرخانی گومرگی لەم دەروازەیە نوێ کراوەتەوە؟
موشیر رەماح: ئەو دەروازەیە لە نوێ کراوەتەوە و کارکردن بەردەوامە بۆ نوێکردنەوەی دەروازە سنوورییەکان بەشێوەیەکی گشتی، نەک تەنیا دەروازەکانی هاوسنوور لەگەڵ کۆماری عێراق. هەموو دەروازە سنوورییەکانی سووریا دوای کۆنترۆڵکردنەوەیان لە دەستی رژێمی پێشوو، ئێمە بە ژێرخانێکی وێران و نائامادە وەرمانگرت و تا ئێستا خەریکی چاککردنەوەی ژێرخانەکانیانین. ئەو زیانە گەورانەی بەر دەروازەکان کەوتوون چاکیان دەکەینەوە، ئاستی کارکردن باشتر دەکەین و کادر و شارەزایی لە بواری دەروازەکاندا ئامادە دەکەین. هەروەها پەرەپێدانی ئەلیکترۆنی لەنێوان هەموو دەروازەکاندا دەکەین. سەبارەت بە دەروازەی تەل کۆچەر، ئامادە کراوە و ئێستاش کار بەردەوامە بۆ نوێکردنەوەی ژێرخانی دەروازەکە و مەیدان و رێگاکان. هەروەها لە دەروازەی تەنەف لەسەر سنووری سووریا و عێراق کار دەکرێت بۆ نوێکردنەوەی. دەروازەی بوکەمالیش کاری بەردەوامی تێدا دەکرێت بۆ باشکردنی بارودۆخی. دەروازە سنوورییەکان جێگەی بایەخێکی زۆرن لەلایەن دەستەی گومرگەوە تاوەکو باشترین ئەزموون لە بواری بازرگانی و هاتووچۆی گەشتیاراندا پێشکەش بکەین