رووداو دیجیتاڵ وەزارەتی پەیوەندییەکانی ئێران رایگەیاند، سەرۆککۆماری وڵاتەکە فەرمانی کردنەوەی ئینتەرنێتی نێودەوڵەتی دەرکردووە. رۆژی دووشەممە، 25ی ئایاری 2026، بەشی پەیوەندییەکان وەزارەتی پەیوەندییەکانی ئێران رایگەیاند: "مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران فەرمانی کردنەوەی ئینتەرنێتی نێودەوڵەتی دەرکردووە." ئەو بڕیارە لە کاتێکدایە، لە رۆژی 28ی شوباتی و لە دەستپێکی جەنگی ئەمریکا – ئیسرائیل لەگەڵ ئێران واتە 87 رۆژە ئینتەرنێتی نێودەوڵەتی لە ئێران بڕدراوە. ئەفشین کولاهی، سەرۆکی لیژنەی کۆمپانیا نوێیەکان لە ژووری بازرگانیی ئێران، رایگەیاندبوو: "زیانی ڕاستەوخۆ رۆژانە 30 بۆ 40 ملیۆن دۆلارە، بەڵام ئەگەر زیانە ناڕاستەوخۆکانی وەک پچڕانی پەیوەندییە بازرگانییەکان ئەژمار بکەین، بڕەکە دەگاتە 70 بۆ 80 ملیۆن دۆلار لە هەر رۆژێکدا." ستار هاشمی، وەزیری پەیوەندییەکان و تەکنەلۆژیای ئێران، هۆشداریی دابوو لەوەی بەردەوامبوونی ئەم دۆخە کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر داهات و بژێوی 10 ملیۆن کەس دەبێت. بە گوتەی وەزیر، زۆرینەی بازرگانییە ئۆنلاینەکان تەنیا توانای 20 رۆژ خۆڕگرتنینا هەبووە و ئێستا زۆربەیان بەرەو داخستن دەچن.