رووداو دیجیتاڵ
بەرەبەیانی ئەمڕۆ، سوپای ئیسرائیل چەند ئامانجێکی لە نێوەڕاست و رۆژئاوای تاران بۆردوومان کرد. ئەوەش دوای هێرشی مووشەکی شەوی رابردووی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل
بۆردوومانەکان لە تاران، ئیسفەهان و تەورێز بوون.
سوپای پاسداران هێرشەکەی پشتڕاستکردووەتەوە و دەڵێت، "دووژمنی زایۆنی" بە بەکارهێنانی مووشەکی بالیستیکیی هەوایی، هێرشی کردووەتە سەر چەند ئامانجێک لە خاکی وڵاتەکەمان.
چی روویدا؟
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، لەنێوان کاژێر 04:40 بۆ 04:50 بە کاتی تاران، شەپۆلێکی نوێی تەقینەوەی بەهێز، تاران و چەند شاری دیکەی ستراتیژیی ئێرانی هەژاند. بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لەلایەن سەرچاوە خۆجێیەکانەوە بڵاوکراوەنەتەوە، زیاتر لە 20 تەقینەوەی یەک لە دوای یەک لە گەڕەکە جیاوازەکاندا تۆمارکراون.
لە تاران، ناوچەکانی رۆژئاوا و باشووری رۆژئاوا زۆرترین کاریگەریی تەقینەوەکانیان لەسەر بووە. دانیشتووانی گەڕەکەکانی ئەکباتان، شاران، تاران-سەر و گۆڕەپانی ئۆڵۆمپیک رایانگەیاندووە، دەنگی تەقینەوەکان زۆر نزیک بووە و بووەتە هۆی لەرزینی جام و پەنجەرەی ماڵەکانیان.
هەروەها لە دەوروبەری فڕۆکەخانەی مێهرئاباد و گەڕەکی سەعادەت ئابادیش دەنگی مووشەک و تەقینەوەی بەهێز بیستراوە. لە باشووری پایتەخت، بەتایبەتی لە شار رەی و خەزانە، هاووڵاتییان باس لە بیستنی دوو تەقینەوەی زۆر بەهێز دەکەن.
هاوکات لەگەڵ پایتەخت، شاری کەرەج و ناوچەکانی وەک فەردیس و مێهرشەهر بە تووندی هەژاون. هاووڵاتییان لە شارەکانی روبات کەریم، پەرەند و ئیسلامشەهر دەڵێن، لانیکەم 4 تەقینەوەی یەک لە دوای یەکیان بیستووە، کە بووەتە هۆی ترس و دڵەڕاوکێیەکی زۆر.
لەلایەکی دیکەوە، تەقینەوەکان سنووری پارێزگای ئەسفەهانیشی گرتووەتەوە.
بەگوێرەی ئەوەی خەڵک بڵاویکردووەتەوە، دەوروبەری کاژێر 04:42 خولەک، دوو تەقینەوەی بەهێز لە نزیک نەجەف ئاباد و ناوەندی ئەسفەهان بیستراون. هەرچەندە تاوەکو ئێستا لایەنە فەرمییەکان زیانە گیانییەکانیان ئاشکرا نەکردووە، بەڵام شایەتحاڵان پێیانوایە بنکە سەربازییەکان لەو ناوچانە کراونەتە ئامانج.
یەکەم هێرش لە یەمەنەوە
سوپای ئیسرائیل بڵاویکردەوە کە مووشەک لە یەمەنەوە ئاراستەی وڵاتەکەیان کراوە و سیستمی بەرگری چالاککراوە بۆ بەرپەرچدانەوەی. ئەوە یەکەم هێرشە لە یەمەنەوە بۆ سەر ئیسرائیل لە دوای ئاگربەستی سەرەتای نیسانی ئەم ساڵ.
پاش نیو کاژێر لە بڵاوکردنەوەی هەواڵەکە، سوپای ئیسرائیل بە خەڵکی راگەیاند، مەترسیی هێرشەکە نەماوە و دەتوانن لە پەناگەکان بچنەدەرەوە.

.jpg&w=3840&q=75)

.jpg&w=3840&q=75)