رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، داوا لە سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەکات پەلە بکرێت لە رەوانەکردنی پڕۆژەیاسای نوێی مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت. ئەندامێکی کوردی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێ، "پێویستە لە یاسا نوێیەکەدا، ماف و شایستەکانی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بە یەکسانی و دادپەروەری لەبەرچاو بگیرێت".
لە نووسراوێکی هەیبەت حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، کە لە 21ی ئایاری 2026 بۆ حکومەت نێردراوە، ئاماژە بەوە کراوە، ئەو هەنگاوە بە مەبەستی دابینکردنی ژیانێکی شایستە و چەسپاندنی دادپەروەریی کۆمەڵایەتییە، بەتایبەتی بۆ کەمکردنەوەی ئەو جیاوازییە گەورەیەی لە نێوان مووچەی فەرمانبەرانی کەرتی گشتیدا هەیە.
لە عێراق نزیکەی 11 ملیۆن فەرمانبەر و مووچەخۆر هەیە، مانگانە پێویستیان بە نزیکەی حەوت تریلیۆن دینارە. سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رەخنە لەوە دەگرێت کە یاسای ژمارە 22ی ساڵی 2008 و بڕیاری ژمارە 400ی ساڵی 2015، ماوەیەکی زۆرە کاریان پێدەکرێت و هەموار نەکراونەتەوە، لەکاتێکدا رێژەی هەڵاوسان و تێچووی بژێوی ژیان بۆ فەرمانبەران بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.
هاوکات دوو بژارەی بۆ حکومەت خستوەتەڕوو، "پرۆژەیاسایەکی نوێی مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت و کەرتی گشتی، یان یاساکەی ئێستا هەموار بکرێتەوە کە رەنگدانەوەی ئەرێنی بێت بۆ سەقامگیری وەزیفی و کۆمەڵایەتی، بەشێوەیەک بنەمای دادپەروەری و یەکسانی لەنێوان چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگە بەرجەستە بکات".
لە هەرێمی کوردستان نزیکەی یەک ملیۆن و 200 هەزار فەرمانبەر و مووچەخۆر هەیە مانگانە پێویستی بە زیاتر لە 950 ملیار دینارە. دانەر عەبدولغەفار، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: "دەبێت مووچەی فەرمانبەران هاوتای دۆخی بازاڕ بێت، چونکە ساڵانێکی زۆرە لە 2008ەوە دەستکاری نەکراوە."
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی گوتیشی: "پێویستە لە یاسا نوێیەکەدا، ماف و شایستەکانی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بە یەکسانی و دادپەروەری لەبەرچاو بگیرێت و ئەو ستەمەی لە ساڵانی رابردوودا لێیان کراوە، کۆتایی پێ بهێندرێت".
