رووداو دیجیتاڵ
نرخی زێڕ ئەمڕۆ دووشەممە لە یەکەم رۆژی کردنەوەی بازاڕەکانی جیهان لەم هەفتەیەدا، رووی لە دابەزین کردەوە.
نرخی ئۆنسەیەک زێڕ ئەمڕۆ درێژەی دا بە دابەزینە گەورەکانی رۆژی هەینی و یەک ئۆنسەی لە نزیک 4307 دۆلار مامەڵەی پێودەکرێت.
زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتوودا بۆ رادەستکردنی لە مانگی 8 بەڕێژەی 0.5٪ دابەزی بۆ نزیکەی 4345 دۆلار.
دابەزینی زیاتری نرخی زێڕ دوای ئەوە هات ئێران و ئیسرائیل دەستیان بۆ هێرشەکانیان بۆ سەر یەکدی کردەوە. بەو هۆیەوە نرخی نەوت زیاتر لە 2 دۆلار بەرزبووەوە.
بێس هاماک، سەرۆکی بانکی فیدراڵیی کلیڤلاند رایگەیاندووە، "ئامارە نوێیەکانی بازاڕی کار ئاشکرای دەکەن بازاڕی کار هاوسەنگ بووە و گەیشتووەتە باشترین دۆخی خۆی."
هاماک دەڵێت، "بەردەوامی بەرزبوونەوەی هەڵاوسان، بانکی ناوەندیی ئەمریکا ناچاردەکات بیر لەوە بکاتەوە رێژەی سوودی بانکی بەرزبکاتەوە بۆ ئەوەی هەڵاوسان لە کۆنترۆڵ دەرنەچێت."
بۆ 3 مانگی یەک لە دوای یەک دەڕوات کە بازاڕی کاری ئەمریکا بە بەهێزی ماوەتەوە، ئەوە لە کاتێکدایە بازاڕی کاری ئەمریکا ساڵی رابردوو لە دۆخێکی باشدا نەبوو. ئەمە بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی بانکی ناوەندیی ئەمریکا رێژەی سوودی بانکی لانیکەم بۆ ماوەیەکی زیاتر لە ئاستە بەرزەکانی خۆی بهێڵێتەوە.
لەلایەکی دیکەوە بانکی ناوەندیی چین کڕێنەکانی زێڕی بەرزکردووەتەوە.
بەپێی ئامارە فەرمییەکانی بانکی ناوەندی چین، قەبارەی زێڕی کۆگاکراوە لەو وڵاتە گەیشتووەتە نزیکەی 75 ملیۆن ئۆنسە.

.jpg&w=3840&q=75)

