رووداو دیجیتاڵ
نرخی زێڕ رۆژی هەینی نزیکەی 3٪ دابەزی، دوای ئەوەی راپۆرتی بازاڕی کاری ئەمریکا ئەو پێشبینییانەی بەهێزتر کرد کە بانکی ناوەندیی ئەمریکا رێژەی سوود بۆ ماوەیەکی درێژتر بە بەرزی دەهێڵێتەوە.
نرخی زێڕ لە دوایین ساتی داخستنی بازاڕدا بە رێژەی 2.96٪ دابەزی و ئۆنسەیەک بە 4318 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا؛ ئەمەش نزمترین ئاستی نرخی کانزای زەردە لە دوای 24ـی مانگی 3ـی ئەمساڵەوە. نرخی زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتوودا بۆ رادەستکردنی لە مانگی 8ـی ئەمساڵدا بە رێژەی 3.1٪ دابەزی بۆ 4365 دۆلار.
وەزارەتی کاری ئەمریکا لە راپۆرتەکەیدا رایگەیاند، لە مانگی رابردوودا 172,000 هەلی کار زیادی کردووە، کە زۆر زیاتر بوو لە ئاستی پێشبینییەکان؛ پێشتر پێشبینی دەکرا تەنیا 85,000 هەلی کار لەو مانگەدا بڕەخسێت.
بارت مالێک، سەرۆکی جیهانیی ستراتیژیی کاڵاکان لە کۆمپانیای (تی دی سیکیۆریتی) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "ئەو هەلی کارانەی راگەیەندراون بە شێوازێکی بەرچاو لە سەرووی چاوەڕوانییەکانەوە بوون."
مالێک دەڵێت، "جەنگ لە ئێران بەردەوامە و نرخەکانی وزە زۆر بەرزن و بەرزبوونەوەی هەڵئاوسان هەیە. لەم ژینگەیەدا زۆر دوورە کە بانکی ناوەندی هیچ مەیلێکی هەبێت بۆ دابەزاندنی رێژەی سوودی بانکی."
دوای بڵاوبوونەوەی ئامارەکانی بازاڕی کاری ئەمریکا، سوودی قەواڵە داراییەکانی گەنجینەی ئەمریکا و بەهای دۆلار بەرزبوونەوە کە زیانی گەورەیان لە نرخی زێڕ دا. لە دوای جەنگی ئێرانەوە نرخی زێڕ 17٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.
هەرچەندە زێڕ وەک پەرژینێک لە دژی هەڵئاوسان دەبینرێت، بەڵام بەرزبوونەوەی رێژەی سوودی بانکی دەبێتە هۆکاری دابەزینی نرخی ئەو کانزایە. بەپێی راپرسییەکان، ئێستا بازاڕەکان بە رێژەی نزیکەی 72٪ پێشبینی بەرزکردنەوەی رێژەی سوودی بانکی لە مانگی 12ـی ئەمساڵدا دەکەن، لە کاتێکدا پێش بڵاوبوونەوەی داتاکانی بازاڕی کار ئەو رێژەیە نزیکەی 50٪ بوو.



