رووداو - هەولێر
وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، بەهۆی گەشەپێدانی پاڵاوگەکانی عێراق و دروستکردنی پاڵاوگەی نوێ، بەنزینی خۆماڵی زیادی کردووە و ئەم مانگە هاوردەكردنی بەنزین رادەگرن.
حامد یونس زەوبەعی، بریكاری وەزیری نەوت بۆ كاروباری پاڵاوگەكان و گاز بە رۆژنامەی سەباحی نیمچە فەرمی راگەیاند: "لە ماوەی قەدەخەی هاتووچۆدا وەزارەتی نەوت بەردەوام بووە لە پاڵاوتنی نەوت لە پاڵاوگەكانی ناوخۆ، كە رۆژانە بە 600 هەزار بەرمیل دەخەمڵێندرێت، بۆ دابینكردنی سووتەمەنی بۆ کۆگاکانی بەغدا و پارێزگاكانی دیكە".
هەروەها گوتی: "لەگەڵ نزیكبوونەوەی وەرزی هاوین، وەزارەتی نەوت ئەو عەمباركراوەی ئامادە كردووە، كە بەشی پێویستی وێستگە كارەباییەكان دەكات بۆ وەرزی هاوین، سەرەڕای بەرزبوونەوەی خواست لەسەر بەنزین، ئەمەش هاوكاربووە لە كەمكردنەوەی قەبارەی هاوردەكردن، ئەم مانگەش هاوردەكردنی بەنزین بەتەواوی رادەگرین، كە رۆژانە 8 تاوەكو 10 ملیۆن لیتر هاوردەكراوە، لەكاتی پێویستیش تەنیا بەنزینی جۆری موحەسەن هاوردە دەكەین".
بەپێی گوتەی وەزیری نەوت، عێراق بە بڕی 25% هاوردەکردنی بەرهەمەکانی نەوت کەمدەکاتەوە، ئەویش بەهۆی کەوتنەوە کاری پاڵاوگەکانی ناوخۆ و فراوانکردنی توانای پاڵاوگەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق.
هەر بەپێی گوتەی وەزیری نەوتی عێراق، پاڵاوگەکانی گەیارە، حەیسە، سینایە و کەرکووک کەوتوونەتەوە کار و هەوڵی دروستکردنی پاڵاوگەی نوێش لە پارێزگاکانی نەینەوا و ئەنبار دەدرێت.



