رووداو دیجیتاڵ
لەدوای گەڕانەوەی بەشێک لە دانیشتووانی شاری موسڵ و ئاوەدانکردنەوەی شارەکە، کە بەهۆی شەڕی داعشەوە چۆڵکرابوو، ئێستا وردە وردە جووڵە کەوتووەتەوە نێو بازاڕەکانی شارەکە.
لە ساڵی 2014 داعش شاری موسڵی داگیرکرد و تاوەکو ساڵی 2017 کە ئازادکرا و لەدەستی داعش دەرهێندرا، ئەو شارە بە شەڕێکی سەختدا تێپەڕی و بەشی زۆری بوو بە کەلاوە.
عەبدوڵڵا مەحموود کە خاوەنی فرۆشگەیە لە شاری موسڵ، دەڵێت "ئێمە لە ساڵی 2018، دوای ئازادکردنی شارەکە، شوێنەکەمان کردەوە. کۆگاکان بەتەواوی وێران ببوون. بەهۆی هەوڵە کەسییەکانمانەوە، بەبێ هیچ قەرەبوویەک لە دەوڵەت، شوێنەکەمان کردەوە. خۆمان فرۆشگەکانمان دروستکردەوە بەبێ هاوکاریی حکومەت".
30 ساڵ لەمەوبەر، بەهۆی قەرەباڵخبوونی زیاتری موسڵ و شوێنە گرنگەکەی، بازاڕی ئەلبوورسە کرایەوە، بەهای فرۆشی مانگانەی ئەو بازاڕە 12 بۆ 13 ملیۆن دۆلار بوو، شەڕی داعش ئەو بازاڕەشی وێرانکرد. ئێستا دانیشتووانی موسڵ سەرقاڵن جارێکی دیکە بازاڕەکە بکەنەوە.
عوبێدە ئایشە، بازرگان لە بازاڕی ئەلبوورسە دەڵێت "گەڕانەوەی ئەلبوورسە گۆڕانکارییەکی بۆ ناوچەکە هێنا. دانیشتووان دەستیان بە گەڕانەوە کرد، کە زۆربەیان گەڕانەوە شارە کۆنەکە، کە نزیکە لە بازاڕەکە، ئەوەش یارمەتیی گەڕانەوەی ژیانی بۆ ناوچەکە دا، بەڵام هێشتا زۆر شت ماوە. بە گەڕانەوەی دانیشتووان، پەنا بەخوا ژیان لێرە باشتر دەبێت و بازاڕیش باشتر دەبێت".
موسڵ لە رابردوودا بە چەندین بەرهەمی پیشەسازی دروستکراوی نێوخۆ بەنێوبانگ بوو، بۆ چەندین دەیەش ناوەندێکی بازرگانیی گرنگی عێراق و ناوچەکە بوو کە عێراقی لە لایەک بە سووریا دەبەستەوە و ببووە پردێکیش لەنێوان شارەکانی عێراق لەگەڵ تورکیا و وڵاتانی ئەوروپا.
محەممەد نایف، پسپۆڕی ئابووری و مامۆستای زانکۆی موسڵ دەڵێت "ئەگەر گۆڕاوە ئابوورییەکان بە باشی مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت، دەبێتەهۆی گەڕانەوەی دۆخی ئابووری و چالاکییە کۆمەڵایەتییەکان لە رۆژئاوای موسڵ. سەرەتاکەی بە کردنەوەی فڕۆکەخانە دەستپێدەکات کە هەرچی زووە دەکرێتەوە، چونکە دەکەوێتە بەشی رۆژئاوا و یارمەتیی بووژانەوەی کەرتە ئابوورییەکانی دیکەش دەدات وەکو گواستنەوەی ئاسمانی و خزمەتگوزارییەکانی".
بەهۆی شەڕی داعش لە موسڵ، 80%ی ئەو شارە وێرانبوو، هەربۆیە پێویستی بە دووبارە ئاوەدانکردنەوەیە. بەگوێرەی رووپێوییەکان، ئاوەدانکردنەوەی شارەکە پێویستی بە زیاتر لە 50 ملیار دۆلارە.

.jpg&w=3840&q=75)
