رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، بەرپرسانی باڵای ئێران راستەوخۆ پەیوەندییان پێوەکردووە لە ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی کۆشکی سپی و داوایان کردووە بۆردوومانکردنی وڵاتەکەیان رابگیرێت. ترەمپ هۆشداریدا، بۆردومانەکە کاتییە و بەم زووانە دەوەستێت، بەڵام ئەگەر تاران رێککەوتنی پێشنیازکراو واژۆ نەکات، بەیانی زۆر بە تووندی و بێبەزەییانە ئێران بۆردومان دەکەنەوە.
رۆژی پێنجشەممە 11-06-2026، دۆناڵد ترەمپ بە کەناڵی فۆکس نیوزی راگەیاند، راستەوخۆ لەگەڵ بەرپرسانی ئێرانی قسەی کردووە. ترەمپ گوتی، "بەرپرسانی باڵای ئێران ئەمشەو راستەوخۆ لە ژووری ئۆپەراسیۆنەکان پەیوەندییان پێوەکردم و داوایانکرد بۆردومانکردنی وڵاتەکەیان رابگیرێت."
ترەمپ گوتی: "بەمزووانە هێرشەکان دەوەستن."
سەرۆکی ئەمریکا رۆڵی ئیسرائیلی لەم هێرشانەدا رەتکردەوە و گوتی، "ئیسرائیلییەکان بەشداریان لەم هێرشانەی سەر ئێران نەکردووە." ترەمپ رەخنەی تووندی لە دۆخی ئاگربەستی رابردوو گرت و گوتی، "ئاگربەست لەگەڵ ئێراندا، پڕ لە پێشێلکاریترین ئاگربەست بووە لە مێژووی جیهاندا."
سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای کرد، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا لە ئاسمانی ئێراندا دەفڕن و ئێستا سیستمی رادار و بەرگریی ئاسمانی لە باشووری رۆژئاوای وڵاتەکە تێکدەشکێنن.
ترەمپ گوتیشی، "هێزەکانی ئەمریکا 49 مووشەکی کرووزی جۆری تۆماهۆکیان ئاراستە کردووە کە ئامانجەکانیان لە قووڵایی خاکی ئێراندا پێکاوە." سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی کرد ئەگەر نەیەنە ژێر بار، بەیانی زۆر بە تووندی بۆردوومانیان دەکەنەوە.
میدیای ئێرانی رایگەیاند، دەنگۆی پەیوەندیکردن بە ترەمپ راست نییە.
ئەم لێدوانانەی ترەمپ لە کاتێکدان کە هێزەکانی ئەمریکا بۆ دووەم شەو هێرشی مووشەکی و ئاسمانیی تووندیان کردەوە سەر چەندین ئامانجی سەربازی لە باشووری ئێران و دەوروبەری تەنگەی هورمز، کە تێیدا سیستمی بەرگریی ئاسمانی، رادار و یەکەکانی کۆنترۆڵکردنی درۆنەکانی ئێرانیان تێکشکاند.
لە کاتی هێرشەکاندا دەنگی چەندین تەقینەوەی بەهێز لە ناوچە کەناراوییەکانی هورمزگان، فارس و بووشەهر لەوانەش سیریک، بەندەر عەباس، قیشم و عەسەلوویە بیسترا. پێشتر ترەمپ ئێرانی بەوە تۆمەتبار کردبوو کە لە دانوستاندنەکاندا یاری بە کات دەکات و گوتبووی، "دوێنێ زەبرێکی تووندم لێدان، ئەمڕۆش زەبرێکی تووندیان لێدەدەینەوە."
ئەم هێرشانەی ئەمریکا دوای تێکشکاندنی هێلیکۆپتەرێکی ئاپاچی ئەمریکی و هێرشی تۆڵەی ئێران بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا لە کەنداو دەستیان پێکرد.



