رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئەگەر لەگەڵ تاران بگاتە رێککەوتن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ، واشنتن لەگەڵ ئێران کاردەکات بۆ گواستنەوە و لەناوبردنی تەواوی یۆرانیۆمی پیتێندراوی ئەو وڵاتە. سەرۆکی ئەمریکا گوتیشی، رێبەری ئێستای ئێران بریندارە و دەیەوێ راستەوخۆ قسەی لەگەڵ بکات.
ترەمپ هۆشداریدا، ئەگەر رێککەوتن نەبێت، سوپای ئەمریکا بە هێزی سەربازیی زۆر تووند هێزی چەکداری ئێران پەکدەخات بۆ ئەوەی هێزەکانی ئەمریکا بە سەلامەتی خۆیان ئەو مادە ئەتۆمییانە کۆبکەنەوە. ترەمپ دووپاتی کردەوە، سوپای ئێرانیان "تەواو تێکشکاندووە" و تەنیا نزیکەی 21٪ بۆ 22٪ـی مووشەکەکانی پێشووی جەنگی بەدەستەوە ماوە.
رۆژی یەکشەممە 07-06-2026، دۆناڵد ترەمپ لە هەڤپەیڤینێک لەگەڵ کەناڵی ئێن بی سی نیوز، بە وردی باسی لە دۆخی دانوستاندنەکان، سەرکردایەتیی نوێی ئێران و کاریگەرییەکانی جەنگەکە لەسەر ئابووریی جیهان کرد. ترەمپ روونیکردەوە، واشنتن و تاران "زۆر نزیکن" لە واژۆکردنی رێککەوتنێک، بەڵام ئەو گوشار دەکات بۆ ئەوەی تاران پاشەکشەی تەواو لە خواستە ئەتۆمییەکانی بکات.
لهناوبردنی یۆرانیۆم بە رێککەوتن یان بە هێز
ترەمپ لەبارەی چۆنیەتی رزگاربوون لە یۆرانیۆمی پیتێندراو روونیکردەوە: "ئەگەر رێککەوتن بکەین و دۆست بین، پێکەوە دەبین. ئەوە کەرەستەی ئێمە دەبێت. دەیگوازینەوە و لەناوی دەبەین، جا لە ناوخۆی وێستگەکە بێت یان لە دەرەوەی وێستگەکە." سەرۆکی ئەمریکا مەرجی دووەمی خستەڕوو: "ئێمە لەگەڵ ئەواندا دەبین، یان بەبێ ئەوانیش. بەڵام رێگە نادەین خەڵک تەقەمان لێبکات. ئەگەر رێککەوتن نەکەین، ئەوا بە [هێزی] سەربازی و زۆر بە تووندی لەناویان دەبەین. چاوەڕێ دەکەین تاوەکو ئەو کارە دەکەین، لەو حاڵەتەشدا بە هەر شێوەیەک بێت سەلامەتی مسۆگەر دەکەین."
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئەمریکا بەهۆی هێزی بۆشایی ئاسمانەوە دەتوانێت چاودێریی هەموو چالاکییەکان بکات، کە "کامێرای لە بۆشایی ئاسماندا هەیە." ترەمپ گوتی: "ئێمە کامێرامان هەیە، لە هەموو شوێنێکیدا. ئەگەر هەر کەسێک بەوێدا تێپەڕبێت، ئەگەر تۆ بەوێدا بڕۆیت، دەتوانم ناوی یەکەمت لەسەر یەخەی جلەکەت بخوێنمەوە. ئەمە تەکنەلۆژیایەکی زۆر سەرسوڕهێنەرە."
رێگریکردن لە 'شێتەکان' و مەرجی تووندی کڕین
سەرۆکی ئەمریکا دووپاتیکردەوە، ناچار بووە رێگری لە ئێران بکات. "من ناچار بووم رێگری لە وڵاتێک بکەم، وڵاتێکی زۆر بەهێز و زۆر مەترسیدار، لەوەی ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، چونکە بەکاری دەهێنن، ئەوان شێتن، خەڵکانێکی شێتن."
ترەمپ ئاماژەی بەوەشکرد، تاران پێشوەختە دانی بەوەدا ناوە چەکی ئەتۆمیی نابێت، بەڵام ئەو داوای مەرجێکی تووندتری کردووە.
ترەمپ گوتی، "مەرجێکمان هەبوو کە چەکی ئەتۆمی گەشەپێ نەدەن. هەمووان بەمە دڵخۆش بوون تەنیا من نەبێت. منیش گوتم، چی روودەدات ئەگەر ئەوان گەشەی پێنەدەن بەڵکو بچنە دەرەوە و بیکڕن، یان بەدەستی بهێنن؟ دەمەوێت وشەکانی 'ئەگەر بیکڕن، بەدەستی بهێنن یان دەستی بەسەردا بگرن' زیاد بکەم. دەبێت ئەوەشت هەبێت، چونکە ئەوە گەشەپێدان نییە. کەواتە مافیان نییە گەشەی پێبدەن، یان بیکڕن، یان بەدەستی بهێنن." ترەمپ گوتی ئێرانییەکان "کەمێک" بەرگرییان لەم داواکارییە کردووە، بەڵام دواتر قبووڵیان کردووە.
موجتەبا خامنەیی: عاقڵترە و بە سەختی بریندار بووە
ترەمپ سەرکردایەتیی نوێی ئێرانی بە "ژیرتر و زۆر زیرەکتر" وەسفکرد، ئەمە دوای ئەوەی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بوونە هۆی کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری پێشوو و ژمارەیەکی زۆر لە یاریدەدەرەکانی.
ترەمپ رایگەیاند، موجتەبا خامنەیی، کوڕی رێبەری کۆچکردوو، شوێنی باوکی گرتووەتەوە و "بەشێکە" لە پرۆسەی پەسندکردنی رێککەوتنەکە. سەرۆکی ئەمریکا ئامادەیی خۆی نیشاندا بۆ گفتوگۆی راستەوخۆ لەگەڵ رێبەری نوێ، "ئەگەر ئەویش حەز بکات،" بەڵام گوتی هێشتا راستەوخۆ قسەی لەگەڵ نەکردووە.
ترەمپ بەراوردی موجتەبای بە باوکی کرد و گوتی: "گەنجترە. پێموایە عاقڵترە. بریندارە، بە سەختی بریندار بووە. کەواتە ئازایەتییەکی دیاریکراو لەوێدا هەیە. زۆرێک لە خەڵک ئەگەر بەو سەختییە بریندار بوونایە، باسی ئەوەیان نەدەکرد 'دۆخمان لەگەڵ ئەمریکا چۆنە؟'... کەواتە ئازایەتییەک هەیە؛ بەڵام ئەو زۆر بە سەختی بریندار بووە." سەرۆکی ئەمریکا نەیگوت ئایا شوێنی تەواوی رێبەرەکە دەزانێت یان نا، بەڵام گوتی "ئەگەری زۆر هەیە کە بزانم."
مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و تێکشکانی سوپای ئێران
سەرۆکی ئەمریکا دووپاتیکردەوە، هیچ پلانێکی نییە بۆ کشانەوەی 50 هەزار سەربازی ئەمریکی کە لە ناوچەکەدا جێگیرکراون، تەنانەت لەژێر ئاگربەستە کاتییەکەشدا. ترەمپ گوتی: "من ئەوان بە مەترسیدار لەقەڵەم نادەم. تێچووی هێشتنەوەیان لەوێ زۆر کەمە بۆ ئێمە. کشانەوەیان گەمژەیی دەبێت چونکە رەنگە بەکاریان بهێنین" بۆ ناچارکردنی ئێران. "لەوێ دەیانهێڵینەوە تاوەکو دەگەینە رێککەوتنی کۆتایی."
ترەمپ هێزی سەربازیی ئێرانی بە "تەواو تێکشکاو" وەسفکرد و گوتی: "سوپاکەیانمان بە تەواوی تێکشکاندووە. هەندێک مووشەکیان ماوە، هەندێک درۆنیان ماوە." ترەمپ پێیوایە تەنیا نزیکەی "21% بۆ 22%"ـی مووشەکەکانی پێش جەنگیان ماوە. "زۆربەی کارگەکانی درۆن، سەکۆکانی هەڵدان و ناوچەکانی بەرهەمهێنانی مووشەک تێکشکێندراون." لەگەڵ ئەوەشدا ئاماژەی بەوە کرد، هێشتا توانایان ماوە، وەک هێرشەکانی ئەم دواییەی کەنداوی فارس و فڕۆکەخانەی کوێت. ترەمپ جەنگی ئێرانی بە "مانۆڕێکی سەربازی" وەسفکرد و گوتی "ئەمە جەنگێکی گەورە نییە بۆ ئێمە."
گەمارۆی دەریایی و زیانە داراییەکانی تاران
سەرۆکی ئەمریکا گەمارۆی دەریایی بە وەڵامێک بۆ تاران زانی. "ئەوان گەمارۆیان سەپاند، بۆیە ئێمەش گەمارۆمان خستنەسەر. گەمارۆیەکمان هەیە. من بە جەنگی دانانێم، بەڵام ئەگەر دەتەوێت بەو شێوەیە پێناسەی بکەیت، پێموایە دەتوانیت."
ترەمپ گوتی، ئێران بەهۆی گەمارۆی دەریاییەوە رۆژانە لە نێوان 400 بۆ 500 ملیۆن دۆلار زیان دەکات، کە ئەمەش "تێچوویەکە ناتوانن بەردەوام بن لەسەری چونکە ئابوورییەکەیان داڕماوە."
ترەمپ گوتی، هیچ کام لە سامانە سڕکراوەکانی ئێران پێشوەختە بۆیان نانێرێت. "ئەوە دواتر دێت. ئەگەر رەفتاریان باش بێت، ئەگەر کارێکی باش بکەن، دەست بە قسەکردن دەکەین." سەرۆکی ئەمریکا رەخنەی لە ئۆباما گرت بۆ پێدانی پارەی کاش (وەک گواستنەوەی 400 ملیۆن دۆلاری کاش کە بەشێکی بچووک بوو لە کۆی گشتیی ئازادکردنی داراییەکان لەو کاتەدا).
نرخەکانی سووتەمەنی و دۆخی ناوخۆیی ئەمریکا
داخستنی تەنگەی هورمز، کە 20%ـی نەوتی جیهانی پێدا تێدەپەڕێت، کاریگەریی لەسەر گرانبوونی بەنزین و پەین لە ئەمریکا دروستکردووە.
ترەمپ رایگەیاند، "من گوتم، دەبێت کەمێک لابدەم. جووتیاران لە هەموو کەسێک باشتر لەمە تێدەگەن. بەنزینمان گرانتر دەبێت، پەینمان کەمێک گرانتر دەبێت، بەڵام من چەکی ئەتۆمی لە دەستی خەڵکێکی زۆر مەترسیداردا دەردەهێنم. کاتێک تەواوی دەکەین، شتانێک دەبینن کە پێشتر نەتانبینیوە. نەوتەکە دادەبەزێت."
ترەمپ هۆکاری گۆڕانی خێرای بەدەستهێنانی ئاشتی بەستەوە بەوەی کە پێویستە تاران بە تەواوی هەڵوێستی 47 ساڵەی خۆی بەرامبەر واشنتن پێچەوانە بکاتەوە. "ئەوان بەهێزن، ئەوان شانازیی بەخۆیانەوە دەکەن. شتانێک هەن کە هەرگیز بیریان لێ نەدەکردەوە بیکەن، بەڵام دەبێت بیکەن. هیچ بژاردەیەکی دیکەیان نییە. ئەمەش کاتی دەوێت. تۆ باسی 47 ساڵ دەکەیت کە تێیدا هەرچییەکیان ویستبێت کردوویانە."
سەبارەت بە لوبنانیش، ترەمپ رایگەیاند: "داوا ناکەم کە لوبنان ببێتە بەشێک لە رێککەوتنێکی کورتخایەن لەگەڵ ئێراندا."
ئەم هەڤپەیڤینە لە ژینگەیەکی زۆر جیاوازدا لە کێڵگەیەک لە شاری (چیپێوا فۆڵس) لە ویلایەتی ویسکۆنسن کرا.
هەڤپەیڤینەکە لە تەویلەیەکی گەورەدا بوو کە سەقفی لە کانزا دروستکرابوو. بەهۆی بارانبارینێکی تووندەوە کە دەنگی لەسەر سەقفەکە دروست دەکرد، چاوپێکەوتنەکە چەندین جار دواخرا و کێشەیەکی تەکنیکیش بووە هۆی پچڕانێکی دیکە.
ترەمپ دوای 50 خولەک لە کاتی مشتومڕێکدا لەسەر دەستوەردان لە هەڵبژاردن و رەخنەکانی لە میدیا بە تووڕەیی کۆتایی بە هەڤپەیڤینەکە هێنا.
بەپێی راپرسییەکی نوێی (Economist/YouGov)، %68ـی ئەمریکییەکان داوای رێککەوتنی خێرا دەکەن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ، لەنێویاندا 55٪ـی دەنگدەرانی خودی ترەمپ لە ساڵی 2024 هەن.



