رووداو دیجیتاڵ
پاپا لیۆی چواردەیەم، رێبەری کاسۆلیکەکانی جیهان رایگەیاند، جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران لەگەڵ بنەماکانی ئایینی کاسۆلیکدا ناگونجێت و مەرجەکانی "جەنگی رەوا"ی تێدا نییە.
رۆژی یەکشەممە، پاپا لیۆ، پاپای ڤاتیکان لە کاتی سەردانەکەیدا بۆ مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا، لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤاناندا سەبارەت بە بارودۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست گوتی: "پێموایە ئەمە پێشتر بە روونی گوتراوە؛ مەرجەکانی جەنگی رەوا لە جەنگی ئێراندا بەدی ناکرێن."
پاپا روونیکردەوە کە تیۆری "جەنگی رەوا" بۆ چەندین سەدە لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، ئەو کاتەی مرۆڤ نەیدەتوانی وێنای ئەو چەکە پێشکەوتووانە و ئەو توانا وێرانکەرە بکات کە ئێستا لەبەردەستدان، بۆیە بەکارهێنانی ئەو چەکانە بۆ وێرانکاریی گەورە هیچ پاساوێکی ئایینی هەڵناگرێت.
ئەم لێدوانانەی پاپا دوای مشتومڕێکی تووند لەگەڵ جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا دێن. ڤانس پێشتر بەرگری لەم جەنگە کردبوو و بە "جەنگی رەوا" وەسفی کردبوو، بەڵام پاپا لیۆ بە تەواوی ئەو وەسفەی رەتکردەوە.
پاپا لیۆ بەردەوام داوای گۆڕینی رێڕەوی ململانێکان بەرەو ئاشتی دەکات، بەڵام پێداگریی لایەنە شەڕکەرەکان وایکردووە گەیشتن بە رێککەوتن رووبەڕووی بەربەستی گەورە ببێتەوە.



