رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ دەڵێ، سەرکردەکانی ئێران تاوەکو ئێستا رێککەوتنی کۆتاییان بۆ راگرتنی جەنگ واژۆ نەکردووە، بەڵام دواجار "هیچ بژاردەیەکی دیکەیان نییە" جگە لەوەی لەگەڵ واشنتن بگەنە رێککەوتن.
دۆناڵد ترەمپ لە هەڤپەیڤێنێکدا لەگەڵ کەناڵی ئێن بی سی نیوزی ئەمریکی رایگەیاند: "ئەوان (ئێرانییەکان) بەهێزن و شانازی بە خۆیانەوە دەکەن. کۆمەڵێک شت هەن کە هەرگیز بیریان لێنەدەکردەوە ئەنجامی بدەن، بەڵام ئێستا ناچارن بیکەن. ئەوان هیچ بژاردەیەکیان نییە، تەنیا کەمێک کاتی دەوێ."
ئەم قسانەی ترەمپ لەکاتێکدایە، جەنگی ئەمریکا و ئێران پێنجشەممەی رابردوو چووە چوارەم مانگی خۆیەوە. هەرچەندە لە مانگی نیسانەوە ئاگربەست راگەیێندراوە، بەڵام لە چەند رۆژی رابردوودا بەهۆی هێرشە درۆنی و مووشەکییەکان لە نزیک تەنگەی هورمز، گرژییەکان سەریان هەڵداوەتەوە.
ئۆپەراسیۆنی (تووڕەیی داستانئاسا) کۆتایی هاتووە
مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، سێشەممەی هەفتەی رابردوو لە کۆنگرێس رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنی سەربازیی وڵاتەکەی بەرامبەر ئێران کە بە "تووڕەیی داستانئاسا" ناسراوە "کۆتایی هاتووە."
روبیۆ ئاماژەی بەوەش کرد، هێرشەکانی ئەم دواییەی ئەمریکا تەنیا "بەرگری بوون" و لە وەڵامی هێرشەکانی ئێراندا بوون بۆسەر کەشتییەکان لە تەنگەی هورمز.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گوتی: "بۆ پاراستنی هێزەکانمان، تەنیا درۆنەکان ناپێکین، بەڵکو ئەو شوێنانەش دەکەینە ئامانج کە درۆنەکانی لێوە ئاراستە دەکرێن. ئەگەر ئەوان تەقە لە کەشتییەکان نەکەن، ئێمەش تەقە ناکەین."
گوشارە ئابوورییەکان و هەڵبژاردن
داخرانی تەنگەی هورمز لەلایەن ئێرانەوە لە مانگەکانی رابردوودا بووەتەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە جیهان و نرخی بەنزین لە ئەمریکا. ئەمەش ترەمپ و سەرکردە کۆمارییەکانی خستووەتە ژێر گوشارێکی زۆرەوە، بەتایبەت کە هەڵبژاردنی نیوەی وەرزیی کۆنگرێس نزیکە.
ترەمپ لە وەڵامی ئەو رەخنانەی کە دەڵێن جەنگەکە درێژەی کێشاوە، بەراوردی دۆخی ئێستای بە جەنگی ڤێتنام کرد و گوتی: "زۆر خێرا هەنگاو دەنێم، تەنیا سێ مانگە لەو جەنگەداین، لەکاتێکدا ڤێتنام 19 ساڵی خایاند. ئەگەر من دیموکرات بوومایە، کەس باسی ئەو کاتەی نەدەکرد."
توانای سەربازیی ئێران چەندی ماوە؟
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکات کە سوپای ئێرانیان "بە تەواوی تێکشکاندووە"، بەڵام دانی بەوەدا نا کە هێشتا تاران توانای هێرشی ماوە.
ترەمپ گوتی: "زۆربەی کارگەکانی درۆن و سەکۆکانی هەڵدانی مووشەکیان تێکشکێندراون، بەڵام هێشتا نزیکەی 21٪ بۆ 22٪ی مووشەکەکانیان ماون. ئەمەش هێشتا رێژەیەکی زۆرە."
ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە رەنگە گەمارۆکانی سەر ئێران تاوەکو مانگی ئەیلوول بەردەوام بن، بەڵام هۆشداری دا ئەگەر رێککەوتن نەکرێ، رێگەی دیکە دەگرنە بەر و گوتی: "رێککەوتن واژۆ دەکەین یان بەو رێگەیەی دیکەدا دەڕۆین کە ئەویش رێگەیەکی خۆش نابێت."


.png&w=3840&q=75)
.png&w=3840&q=75)