رووداو-هەولێر
یانەی یوڤێتنوس پلەی یەکەمی کۆمەڵەکەی بەفەرمی بۆخۆی یەکلاکردەوە، دوای ئەوەی لە یەکێک لە یارییە بەهێزەکاندا شکستی بە ئاتلێتیکۆ مەدریدی ئیسپانی هێنا.
ئالیانز ستادیۆم ئەم یارییەی تێداکرا، دوای ئەوەی کوڕانی ساری یارییەکی تەکتیکییانکرد، توانیان بە ئەنجامی گۆڵێکی بێ بەرامبەر لە یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید ببەنەوە و بەفەرمی وەک پلەی یەکەمی کۆمەڵەکەیان خۆیان نیشاندا و ئاتلێتیکۆ مەدریدیش تووشی دۆخێکی ناهەمواربووە.
تاکە گۆڵەکەی یوڤێ لە رێگەی پاولۆ دیبالەوە بە لێدانێکی راستەوخۆی زۆر جوان لە نیوەی دووەمدا تۆمارکرا.
ئاتلێتیکۆ یەک یاری ماوە و پلەی دووەمی بە جیاوازی خاڵێک لەگەڵ لیڤەرکوزنی ئەڵمانیدا گرتووە، یاری داهاتووی بەرامبەر بە لۆکۆمۆتیڤ مۆسکۆیە، ئەگەر بدۆڕێت و لیڤەرکوزن یەکسانبێت، ئەوا لیڤەرکوزن سەردەکەوێ، ئەگەر یەکسانبێت و لیڤەرکوزنیش بیباتەوە ئەوا کوڕانی سیمیۆنی ماڵئاوایی دەکەن، بۆیە یاری داهاتوو تەنیا دەبێت بۆ بردنەوە یاری بکەن.
یانەی مانچێستەر سیتیش سەرەڕای ئەوەی پلەی یەکەمی کۆمەڵەی دووەمیان یەکلاییکردووەتەوە، کەچی لەم یارییەدا نەیانتوانی لە یانەی شاختار ببەنەوە.
مان سیتی لە یاریگەی خۆیدا یاری دەکرد، بەڵام سوودیان لێیوەرنەگرت و یارییەکە بە گۆڵێک بۆ هەرلایەکیان کۆتاییهات، تاکە گۆڵەکەی مان سیتی لەلایەن ئیلکای گۆندوگانەوە لە خولەکی ٥٦ تۆمارکرا، گۆڵەکەی شاختاریش مانور سۆلۆمۆن لە خولەکی ٦٩ کردی.
سیتی خاوەنی ١١ خاڵە و پلەی یەکەمی گرتووە، یانەی شاختاریش شەش خاڵی هەیە و یاری داهاتووی بەرامبەر بە ئاتالانتایە لە ئۆکراینا و ئەگەر بدۆڕێت ماڵئاواییدەکات، بە بردنەوە یەکسانبوونیش سەردەکەوێ.




