رووداو دیجیتاڵ
ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین بۆ مۆندیال بەردەوامن و بەرەبەیانی سبەی هەڵبژاردەکەی یارییەکی دۆستانە ئەنجامدەدات، بۆ هەڵسەنگاندنی ئاستی تیپەکە و یاریزانەکانی.
ئەرجەنتین چەند رۆژێکە لە تێکساس ئامادەکارییەکانی بۆ مۆندیال دەستپێکردووە، لیۆنێل مێسی جارێکی دیکە بەشداریی لە مەشقەکانی هەڵبژاردەکەدا کرد و خەریکە بە تەواوی بۆ یارییکردن ئامادەدەبێت، بەتایبەت دوای ئەوەی لەگەڵ یانەی ئینتەرمەیامی تووشی پێکانبوو، بەڵام ئەوەی بۆ هاندەرانی تانگۆ جێگەی دڵخۆشییە، دەرکەوتنی لیۆیە لەگەڵ راهێنانە بە کۆمەڵەکان.
ئەرجەنتین بەرەبەیانی سبەی کاژێر 03:00 یارییەکی دۆستانە بەرامبەر هۆندوراس ئەنجامدەدات، دوای ئەوە بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممەی داهاتوو یارییەکی دیکەی دۆستانە بەرامبەر ئایسلاند ئەنجامدەدات و ئەوە دوایین ئامادەکاریی سێلێستێ دەبێت بۆ خۆ ئامادەکردن بۆ مۆندیال و هەڵبژاردەکە دەچێتە نێو رکابەرییەکان.
تانگۆ پاڵەوانی مۆندیالی رابردووە، یەکەم یاریی بەرامبەر جەزائیر دەبێت، پاشان بەرامبەر نەمسا و ئوردن یاریی دەکات و دەیەوێت پارێزگاری لە نازناوەکەی بکات.
لیۆنێل سکالۆنی، راهێنەری هەڵبژاردەی ئەرجەنتین لەبارەی یارییکردنی مێسی لە مۆندیالدا گوتی "دۆخی لیۆ باشە، ئەو پێشتر بۆ بەشێک لە یەکەی مەشق و راهێنانەکان لەگەڵ کۆمەڵەکەدا بەشدارییکردووە، ئەو چیدیکە بەتەنیا مەشق ناکات. زۆرباش بەرەوپێش دەچێت و ئەگەری هەیە لەم یارییانەدا بەشداری بکات. ئەو دۆخی زۆر باشترە و ئەوەش دڵنیایی و ئارامیمان پێدەبەخشێت".
سکالۆنی لەبارەی بانگهێشتکردنی مێسی بۆ مۆندیال و گفتوگۆکەی لەگەڵ ئەو یاریزانە گوتی "بە سادەیی نامەیەکم بۆ نارد و ئەویش گوتی 'چاوەڕێ بووم بزانم ئایا ناوم دەهێنرێت یان نا'. زۆر باشە، ئێستا ئەو بانگهێشت کراوە! هەمووان چاوەڕێ بوون بزانن ئایا راگەیەندراوێک دەبێت، منیش بە هەمان شێوە. لە کۆتاییدا ئەویش وەک هەر یاریزانێکی دیکە مامەڵەی کرد چاوەڕێی کرد بانگهێشت بکرێت. کاتێک پێی گوتم کە هیچ راگەیەندراوێک بڵاو ناکاتەوە و تەنیا چاوەڕێی بانگهێشتکردن دەکات، هەستێکی زۆر گەورەی ئارامیی پێ بەخشیم. ئەوە بوو کە روویدا. تەنیا کاتێک پەیوەندیم پێوە کرد کە هەستم کرد کاتە گونجاوەکەیە. کەمێک پێش راگەیاندنی لیستەکە و کاتێک ناوی یاریزانەکان خەریک بوو یەکلایی دەبووەوە، پەیوەندیم پێوە کرد بۆ ئەوەی دڵنیا ببمەوە و ئەوەش وەڵامی ئەو بوو".




