رووداو دیجیتاڵ
(ناوی من ناوی دایکمە)، ئەمە ئەو کەمپینەیە کە مشتومڕی خستووەتە نێو کۆمەڵگە لە باشووری کوردستان، خەڵکی لەنێوان لایەنگر و پشتیوانیکاری کەمپینەکەدا دابەشبوون. ئەم بابەتە ئەمڕۆ شەممە بووە مژاری سەرەکیی بەرنامەی لەگەڵ ئادەمی رادیۆی رووداو.
بەهار شوکرییە مونزیر، یەکێک لە سەرپەرشتیارانی کەمپینەکە میوانێکی بەرنامەکە بوو و رایگەیاند، زیاتر لە چوار هەزار منداڵی باوک نادیار لە عێراق هەن و دەبێت ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت.
کەمپینەکە بەپێی گوتەی سەرپەرشتیارانی، هەوڵێکە بۆ هەموارکردنەوەی یاساى کارتى نیشتمانیی عێراقى ژمارە 3ـی ساڵى 2016، بەپاساوی دۆزینەوەی "چارەسەری گونجاو" بۆ ئەو منداڵانەی کە باوکیان نادیارە، بە چارەسەرێکیشی دەزانن بۆ کێشەی منداڵانی ئەو ئافرەتە کوردە ئێزدییانەی کە کە لەلایەن داعشەوە رفێندراون.
بەهار مونزیر گوتی، "دوو ساڵ و نۆ مانگە لەگەڵ یاسای کێشەیان هەیە.. ئێمە بەوجۆرە هەموارمان کردووەتەوە کە لە یاساکەدا دەڵێت باوک یان باپیر، ئێمە کردوومانە بە باوک یان دایک دەتوانێت رەچەڵەکی منداڵەکە دیاریی بکات."
بەپێی ماددەی 19ـی یاساکە ناوی منداڵ و ناوی باوک و باپیرەی دەنووسرێت لەگەڵ ناسناوەکەی، کە کەمپەینەکە دەیەوێت ناوی دایکیش زیادبکرێت، هەروەها بەپێی ماددەی 20 لە یاساى کارتى نیشتیمانى عێراقى، منداڵی باوک نادیار بە موسڵمان هەژمار دەکرێت ئەگەر پێچەوانەکەی نەسەلمیندرێت.
پسپۆڕێکی زانستە ئیسلامییەکان پێیوایە کەمپەینەکە ئامانجی دیکەی هەیە و سەرپەرشتیارانی تۆمەتبار دەکات بەوەی کە هەوڵی شاردنەوەی "کێشە گەورەکان" دەدەن.
د. عیماد گوانی، مامۆستای ئایینییە و دەڵێت، "بێکەرامەتکردنی منداڵەکە، هەڵوەشاندنەوەی خێزان، سێیەم دروستکردنی فەوزا، شاردنەوەی ئەو کێشە گرنگانەن کە ئافرەتان بە دەستییەوە دەناڵێنن، وەک کێشەی ئابووری، قەیرەیی و بێکاری."
کەمپەینی ناوی من ناوی دایکمە لە 5ـی مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی 2018 راگەیێندراوە و چەندین رێکخراو و کەسایەتی بەشدارییان تێیدا کردووە، بەڵام لەرۆژانی رابردوو دوای ئەوەی کەمپینەکە بە فەرمی راگەیێندرا، ئەمەش بەکارهێنەرانی سۆشیاڵمیدیای کردە دوو بەرەوە و بەشێکیان ناوی باوکیان لادا و ناوی دایکیان زیادکرد، بەشەکەی دیکەش دژایەتی خۆیان بۆ ئەو گۆڕانکارییە نەشاردووەتەوە. پارێزەرێکیش دەڵێت، گۆڕینی ناوەکە تەنیا لە سۆشیاڵمیدیایە و لەسەر ناسنامە نابێت.
رەنا زراری، پارێزەرە و دەڵێت، گۆڕینی ناو بەشێوەی کاتی بۆ سۆشیاڵمیدیایە، ئەگینا لەڕووی یاساییەوە ئەو کەسانە ناتوانن داوا تۆماربکەن بۆ گۆڕینی ناوەکانیان.
سەرپەرشتیارانی کەمپینی (ناوی من ناوی دایکمە) دەڵێن، ئامانج لە کەمپینەکەیان دۆزینەوەی رێگەچارەسەری یاساییە بۆ منداڵانی باوک نادیار، تەنیا ئەو منداڵانە دەگرێتەوە کە قوربانیین و دایکەکانیان دەیانەوێت کاروبارە کەسییەکانیان بە یاسا رێکبخەن.


