رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی شارەوانیی هەڵەبجە دەڵێ، سبەی دووشەممە دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران و خانەنشنیان دەستپێدەکات؛ ئاماژە بەوەش دەکات، پرۆژەی ماستەرپلانی شارەکە و چەند پرۆژەیەکی خزمەتگوزاری راگیراون.
سەلام بیلال، سەرۆکی شارەوانیی هەڵەبجە، میوانی بەرنامەی (مژار)ی رادیۆی رووداو بوو و رایگەیاند: "سبەی دووشەممە کاژێر 9:30ی بەیانی، دەست بە دابەشکردنی 200 بۆ 210 پارچە زەوی بەسەر ئەو مامۆستا، فەرمانبەر و خانەنشینانە دەکەین کە لە ساڵی 2005ـەوە فەرمانی وەرگرتنی زەوییان هەیە".
سەلام بیلال ئاماژەی بەوەش کرد، لە چەند هەفتەی داهاتوودا زەوی بەسەر ئەو کەسانەدا دابەش دەکرێ کە پێش فەرمانی ئەم دواییە، فەرمانی وەرگرتنی زەوییان هەبوو کە 200 بۆ 300 پارچە زەوی دەبن و ئیدی کەس نامێنێتەوە کە فەرمانی پێشتری وەرگرتنی زەوی هەبووبێ.
سەرۆکی شارەوانیی هەڵەبجە گوتی، دواتریش دەست بە دابەشکردنی زەوی بەسەر زیندانیانی سیاسی دەکرێ کە ژمارەیان 700 بۆ 750 کەسە.
سەبارەت بە دابەشکردنی زەوی بەسەر ئەو فەرمانبەرانەی لەسەر بنچینەی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران لە ساڵی 2024 پێدانی زەوی دەیانگرێتەوە، سەرۆکی شارەوانیی هەڵەبجە گوتی: "تاوەکو ئێستا هەشت هەزار و 118 فەرمانمان بۆ گەڕاوەتەوە، بەڵام دەکرێ دوای پرۆسەی وردبینی ژمارەکە بۆ حەوت هەزار کەس دابەزێ. بۆ ئەم مەبەستە و بە هاوئاهەنگی بەڕێوەبەرایەتیی نەخشەدانانی ئاوەدانیی هەڵەبجە، سێ نەخشەی کەرتی ئامادەکراون و نێردراون بۆ وەزارەت. دوای چاککردنی تێبینییەکان، ئێستا دۆخەکە لە قۆناخی کوژانەوەی زەوییەکاندایە کە زۆربەیان سەر بە وەزارەتی کشتوکاڵن بۆ ئەوەی ببنە موڵکی شارەوانی".
سەلام بیلال گوتی، بەهۆی پرسی قەرەبوو، شارەوانی نزیکەی 9500 پارچە زەوی لە سێ زۆنی جیاوازی شارەوانیی هەڵەبجە ئامادەکردوون، کە لە داهاتوودا پێویستی بە فراوانکردنی سنووری شارەوانی دەبێت.
سەلام بیلال نیگەرانی خۆی لە راگرتنی پرۆژەی ماستەرپلانی هەڵەبجە دەربڕی و گوتی: "ماستەرپلانەکە لە نۆ قۆناخ پێکهاتووە و پێنج قۆناخی سەرەکی و بنەڕەتی بە سەرکەوتوویی بڕابوون و پێشنیازی کۆتایی هەڵبژێردرابوو، بەڵام بەهۆی خەرجنەکردنی پێشینە داراییەکانی کۆمپانیاکە و لەبەر دۆخی دارایی پرۆژەکە وەستاوە".
سەبارەت بە پرۆژەکانی خزمەتگوزاری، سەرۆکی شارەوانیی هەڵەبجە ئاماژەی بەوە کرد کە ساڵی رابردوو بە گوژمەی 33 ملیار دینار پرۆژە لە بواری جێبەجێکردندا بوون و لە سێ چوار مانگی رابردوویشدا حەوت پرۆژەی گەورە تەواو کراون.
سەرۆکی شارەوانیی هەڵەبجە گوتی، لە پرۆژە وەستاوەکانی پیترۆدۆلاریش کە بۆ ساڵی 2014 دەگەڕێنەوە، کارکردن دەستی پێکردوەتەوە، بەڵام پرۆژەی خزمەتگوزاری گەڕەکی زەمەقی و دەروازەی شار نەکەوتوونەتەوە کار، پرۆژەی گەڕەکی شەهیدانیش بە رێژەی 30% وەستاوە، چەند پرۆژەیەکی دیکەش کە رێژەی جێبەجێکردنیان گەیشتبووە 60% بۆ 70% بەهۆی نەبوونی نەختینە و خەرجنەکردنی پێشینەکان پەکیان کەوتووە.
سەرۆکی شارەوانیی هەڵەبجە داوای کرد ئاوڕێکی تایبەت لە پرۆژەکانی هەڵەبجە بدرێتەوە و بودجەی پێویستیان بۆ خەرجبکەن بۆ ئەوەی ئەو پرۆژانەی نیوەچڵن بگەنە قۆناخی کۆتایی و خزمەت بە هاونیشتمانییانی شارەکە بکەن.


.jpg&w=3840&q=75)
