رووداو دیجیتاڵ پۆلیسی كەركووک راگەیاند، سكاڵای یاساییان لەسەر ئەو كەسانە تۆماركردووە كە بە بەرد هێرشیان كردووەتە سەر مەفرەزەكانی پۆلیس و دەڵێ، "بە زووترین كات دەستگیر دەکرێن". رۆژی یەکشەممە، 7ـی حوزیرانی 2026، عامر شوانی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "سکاڵامان لەسەر ئەو كەسانە تۆماركردووە كە بە بەرد هێرشیان كردە سەر پۆلیسی کەرکووک و سێ پۆلیسیان بریندار كرد، هەروەها جامی ئۆتۆمبێلی پۆلیس و شۆفڵێكی شارەوانییان شكاندووە." گوتەبێژی پۆلیسی كەركووك دەڵێت: هێرشکارەکان 4-5 کەسن و بڕیاری دەسگیرکردنیان بۆ دەرچووە. "هەندێک کەس فێربوون كاتێک رەزامەندی لەسەر زەوییەك دەردەچێت بۆ ئەوەی وەبەرهێنانی تێدا بكرێت، دەچن هەیكەلێكی خانووی لەسەر دروست دەكەن و دەڵێن چۆڵی ناكەین و داوای بڕێک پارە دەکەین؛ تاوەكو وەبەرهێنەرەكە پێیان بدات ." لەبارەی رووداوەكە، عامر شوانی گوتی: "ئەمڕۆ دووبارە حاڵەتێكی وا هەبوو كە لەسەر زەوی وەبەرهێنەرێک ژوورێكیان دروستكردبوو و دەیانگوت ناڕۆین. ئەو كەسانە بە شەو دەڕۆن و بە رۆژ لەو شوێنانە دەمێننەوە، لە ئەنجامدا بە بەرد هێرشیان كرد و سێ پۆلیسمان بریندار بوون." گوتەبێژی پۆلیسی كەركووک رایگەیاند، لەم مانگەدا ئەمە دووەمین حاڵەتی لەو شێوەیەیە و خەریکە دەبێتە دیاردە.
کوردستان07-06-2026لە سلێمانیش وەکو هەولێر نرخی بەنزین بەرزبووەوە؛ گوتەبێژی بەنزینخانەکان هۆکارەکەی ئاشکرا دەکات