رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری دانەوێڵەی پارێزگای کرماشان دەڵێ، لە سەرەتای وەرزی دروێنەوە 27 هەزار تۆن گەنم لە جووتیارانی ئەو پارێزگایە وەرگیراوە و رادەستی ناوەندەکانی تایبەت بە وەرگرتنی گەنم کراوە.
رۆژی شەممە، 06-06-2026، عەلی مەلیکشاهی، بەڕێوەبەری دانەوێڵەی پارێزگای کرماشان رایگەیاند، لەو گەنمەی لە جووتیاران وەرگیراوە، نزیکەی 17 هەزار تۆنی لە جۆری "زۆر باش" بووە.
بە گوتەی مەلیکشاهی، تاوەکو ئێستا 9 ناوەندی تایبەت بە وەرگرتنی گەنم لە کرماشان کراونەتەوە و بڕیارە ناوەندەکان زیاتر بکرێن.
سەبارەت بە پارەی گەنمی جووتیاران، بەڕێوەبەری دانەوێڵەی کرماشان دەڵێ، تائێستا 40٪ی پارەی گەنمی وەرگیراوە جووتیاران خەرجکراوە و لە بەرنامەیاندایە لە ماوەیەکی نزیکدا بەشێکی دیکەی خەرج بکەن.
حکومەتی ئێران بڕیاری داوە بۆ ئەم ساڵ یەک کیلۆیەک گەنمی ئاسایی بە 29500 تمەن (16 سەنت) و یەک کیلۆ گەنمی پلە یەکیش بە 32 هەزار تمەن (18 سەنت) لە جووتیاران بکڕێ.
بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی کرماشان پێشتر رایگەیاندبوو، ئەم ساڵ لە رووبەری زیاتر لە 440 هەزار هێکتار زەویی ئەو پارێزگایەدا گەنم چێندراوە و پێشبینی دەکەن بەرهەمیان نزیکەی یەک ملیۆن تۆن بێت.


.png&w=3840&q=75)
