رووداو دیجیتاڵ
لە ماوەی پشووی جەژندا، ئامەد پێشوازی لە 400 هەزار گەشتیار کرد و ژمارەیەکی پێوانەیی نوێی تۆمارکرد، بەهۆی خواستی زۆر لەسەر خواردنە ناسراوەکانی شارەکە، کەرتی گەشتوگوزاری خۆراک چووە قۆناخێکی نوێوە و لە کاتی پشووەکەدا 72 تۆن جگەری برژاو فرۆشرا.
لە ماوەی پشووی 9 رۆژەی جەژنی قورباندا، قەرەباڵخییەکی زۆری گەشتیارانی ناوخۆ و دەرەوە لە شوێنە مێژوویی و کولتوورییەکانی ئامەد بینرا. گەشتیاران دوای سەردانکردنی شوێنە گەشتیارییەکان، راستەوخۆ روویان لە چێشتخانەکان کرد. هاشم ئەلهاکان، سەرۆکی ژووری چێشتخانەکانی ئامەد رایانگەیاند کە جگەری برژاو لە سەرووی لیستی ئەو خواردنانەدا بوو کە گەشتیاران داوایان کردوون و گوتی: "لە سەرانسەری شارەکەدا لە ماوەی 9 رۆژدا 72 تۆن جگەری برژاو فرۆشرا و واتە رۆژانە 8 تۆن جگەری برژاو فرۆشراوە".
کەبابچییەکانی ئامەد لە بەیانیانی زووەوە تاوەکو درەنگی شەو بەبێ وەستان کاریان کردووە بۆ ئەوەی وەڵامی داواکاریی ئەو سەرەگرتنە درێژانە بدەنەوە کە لەبەردەم دەرگای چێشتخانەکاندا دروست ببوون. تەنیا لە یەک چێشتخانەدا لە ماوەی جەژندا 30 تۆن جگەری برژاو فرۆشراوە.
ئۆنور ئەردین، خاوەن چێشتخانەیەکە لە ئامەد دەڵێت:" خواردنی جگەری برژاو لە ئامەد کات و ساتی دیاریکراوی نییە. کاتێک میوان لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات دێت، یەکەم شت کە سۆراخی دەکات جگەری برژاوە."
گەشتیارێکیش دەڵێت: "لە ئەرزڕۆمەوە هاتووم 400 کیلۆمتر لە ئامەدەوە دوورە، پێش هەموو شتێک جگەری برژاو دەخۆم دواتر لە شوێنە گەشتیارییەکان دەگەرێم."
ئامەد بە یەکێک لە شارە دەوڵەمەندەکانی باکووری کوردستان و تورکیا دادەنرێت لە رووی شوێنەواری مێژوویی و کولتوورییەوە، کە ساڵانە لە کاتی پشووە فەرمییەکان و جەژنەکاندا دەبێتە جێگەی سەرنجی گەشتیاران. خواردنی "جگەری ئامەد" کە پێشتر وەک براندێکی فەرمی و نیشتمانیی شارەکە تۆمارکراوە، بووەتە نەریتێک کە هاووڵاتییان تەنانەت لە ژەمی بەیانیانیشدا دەیخۆن.
لە سەرتاسەری شاری ئامەددا، زیاتر لە 300 چێشتخانەی هەن کە تایبەتن بە فرۆشتنی جگەری برژاو.


