رووداو دیجیتاڵ
بە مەبەستی بەشداریکردن لە پرسەی گیانلەدەستدراوانی رووداوی تەقینەوەکەی شاری سلێمانی کە تێیدا 15 کەس گیانیان لەدەستدا و 12 کەسی دیکەیش بریندار بوون، سەرۆکی هەرێمی کوردستان گەیشتە ئەو شارە.
پێشەوا بەختیار، پەیامنێری رووداو لە سلێمانی رایگەیاند: "دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، 19-11-2022، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان گەیشتە سلێمانی و لە لایەن هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانییەوە پێشوازی لێکرا".
پێش گەیشتنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ سلێمانی، راوێژکارەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان گەیشتبوونە شارەکە.
بڕیارە سەرۆکی هەرێمی کوردستان نزیک کاژێر 2:00 بچێتە پرسە و دواتر بۆ بەسەرکردنەوەی بریندارەکانی رووداوەکە و کەسوکاریان سەردانی نەخۆشخانەی شار بکات.
کاژێر 07:38 خولەکی ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، 17-11-2022، دەنگی تەقینەوەیەکی بەهێز لە سلێمانی بیسترا و دواتر دەرکەوت کە خانوویەکی سێ نهۆمی بەهۆی تەقینی سیتسمی غازی ماڵەکە بە تەواوی رووخاوە و چەند ماڵێکی دیکەش زیانیان بەرکەوتووە؛ بەهۆی رووداوەکەوە 15 کەس گیانیان لەدەستداو 12 کەسی دیکەش برینداربوون.
بەیانیی ئەمڕۆ تەرمی 14 هاونیشتمانی کە لە رووداوی تەقینەوەکەی سلێمانی گیانیان لەدەستدا، لە دادپزیشکی سلێمانییەوە برانە مزگەوتی بابەشێخی سیرێ و لەوێ نوێژیان لەسەر کرا. دواتر تەرمەکان بە شەقامەکانی سلێمانی و لە رێوڕەسمێکی قەرەباڵخدا بەرەو گۆڕستان بەڕێکران و بە ئامادەبوونی هەزاران کەس بە خاک سپێردران.



