رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان، بەرزترین پلەی گەرمی تۆمارکراوی لە باشووری کوردستان بڵاوکردەوە و دەڵێت، لە خانەقین بەرزترین پلەی گەرمی و لە حاجی ئۆمەرانیش نزمترین پلەی گەرمی تۆمارکراوە.
بەپێی راگەیێندراوی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان، بەرزترین پلەی گەرمی تۆمارکراوی باشووری کوردستان لە خانەقین بووە، کە 51 پلەی سیلیزی و نزمترین پلەی گەرمیش لە حاجی ئۆمەران بووە کە 36 پلەی سیلیزی بووە.
هەرچی پارێزگاکانیشە، پلەی گەرمی لە کەرکووک و هەڵەبجە 47 پلە، سلێمانی 46 پلە، هەولێر 45 پلە و دهۆکیش 44 پلەی سیلیزی بووە.
ئەوەی کە پەیوەندی بە پارێزگای هەولێرەوە هەیە، پلەی گەرمی لە سەنتەری پارێزگاکە 45 پلە، خەبات 47 پلە و حاجی ئۆمەران 36 پلە بووە.
سەبارەت بە پارێزگای سلێمانی، پلەی گەرمی لە سەنتەری سلێمانی 46 پلە، رانیە 47 پلە و لە شارۆچکەی هەڵشۆ 39 پلەی سیلیزی تۆمارکراوە، کە ئەمەی دواییان نزمترین پلەی گەرمی سنووری پارێزگای سلێمانی بووە.
لە سەنتەری پارێزگای دهۆک و زاخۆ و ئاکرێ 44 پلەی سیلیزی تۆمارکراوە، لە ئامێدی 42 پلە و شارۆچکەی بامەڕنێش فێنکترین شوێنی سنووری دهۆک بووە، کە 38 پلەی سیلیزی تێدا تۆمارکراوە.
هەرچی پارێزگای هەڵەبجەیە پلەی گەرمی تێیدا 47 پلەی سیلیزی بووە.



