رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی سلێمانی دەڵێت: "لە ماوەی 24 کاژێری رابردوودا لە سلێمانی 8 کەس بە کۆرۆنا مردوون".
دکتۆر یاد نەقشبەندی، گوتەبێژی تەندروستیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "نەخۆشخانەکانی کۆرۆنا نزیکن لە پڕبوون و ئەوانەش باری تەندروستییان ناجێگیرە ژمارەیان لەزیادبوونی بەردەوامدایە. زۆرینەی تووشبووان پێویستیان بە ئۆکسجینە و زیاتر لە 10 کەسیش سیپاپیان [ئامێری هەناسەدان] بۆ بەستراوە."
بە گوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان، لە 24 کاژێری رابردوودا 2 کەس لە سلێمانی و هەڵەبجە بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە، یاد نەقشبەندی لەو بارەوە گوتی:" لەدوێنێ ئێوارەوە تاوەکو ئەمڕۆ ئێوارە لە سنووری سلێمانی 8 کەس بە کۆرۆنا مردوون؛ ئەم ژمارەیە بەیانی لەگەڵ ئاماری وەزارەتی تەندروستی بڵاودەکرێتەوە."
گوتەبێژی تەندروستی سلێمانی روونیشی کردەوە، "بەشی زۆری ئەوانەی سەردانی نەخۆشخانەکانی کۆرۆنا دەکەن باری تەندروستییان ناجێگیرە" و گوتیشی، زۆری ژمارەی تووشبووان بۆ پابەندنەبوونی هاونیشتمانیان بە رێکارەکانی خۆپارێزی دەگەڕێتەوە.
هەروەها بەڕێوبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا کە لە فەیسبووک بڵاویانکردووەتەوە داوا لە هاونیشتمانیانی سنووری پارێزگای سلێمانی و سەنتەری سلێمانی دەکات پابەندی بە رێکارەکانی خۆپارێزی و رێنوێنییە تەندروستییەکان بن.
تەندروستیی سلێمانی چەند رێنوێنییەکیشی بڵاوکردووەتەوە کە ئەمانەن:
1. بەکارهێنانی ڤاکسین کە ئێستا هەموو جۆرەکانی بەردەستن.
2. بەکارهێنانی دەستکێش و بەستنی دەمامک.
3. خۆبەدوورگرتن لە تووشبووان و ئەو هاونیشتمانیانەی گومانی ئەوەیان لێ دەکرێت هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنا بن.
4. گرنگیدان بە دەستشووشتن و پاکوخاوێنی و خواردنی خۆراکی تەندروست.
5. مانەوە لە ماڵەوە و دوورکەوتنەوە لە قەرەباڵخی.



