رووداو - هەولێر
سەرۆكی لقی هەولێری كۆمەڵەی میوانخانە و چێشتخانەكانی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: "لە هەولێر، شوێنەکانی فرۆشتنی مەی کرانەوە" و ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی لێکەوتەکانی کۆرۆناوە کەمبوونەوەی داهاتی هۆتێلەکان لە 100% نزیکبووەتەوە.
زیرەك بیا ئیلیا، سەرۆكی لقی هەولێری كۆمەڵەی میوانخانە و چێشتخانەكانی هەرێمی كوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند:"رۆژی چوارشەممە 27-5-2020 لە شاری هەولێر شوێنەکانی فرۆشتنی مەی بەڕەچاوکردنی رێکارە تەندروستییەکان کرانەوە، کە بەهۆی لێکەوتەکانی کۆرۆناوە داخرابوون. بڕیاری کردنەوەکەش بەهۆی ئەوەوەیە پێشتر بە تاک و دلیڤەری دەفرۆشرا و خەڵک هەبوو دۆخەکەی قۆستبووەوە و بە نرخێکی گرانتر دەیفرۆشت."
سەرۆكی لقی هەولێری كۆمەڵەی میوانخانە و چێشتخانەكان باسیشی لەوەکرد:" لە کۆی 280 هۆتێل و 93 مۆتێل و 203 چێشتخانەی تۆمارکراوی سنووری پارێزگای هەولێر، بەهۆی لێکەوتەکانی کۆرۆناوە هۆتێلەکانی 1-3 ئەستێرەکان هیچ بازاڕیان نەبووە و تەنیا هۆتێلە چوار و پێنج ئەستیرەکان نەبێت کە هەندێک میوانی هەمیشەیی بیانیان هەیە، داهاتەکەشیان تەنیا بەشی کرێی کارمەند و ئیشپێکردنی مۆلیدە بووە، بۆیە بەهۆی کۆرۆناوە کەمبوونەوەی داهاتی هۆتێلەکان لە 100% نزیکبووەتەوە، چونکە هیچ گەشتیارێکیان نەبووە و خەڵکی ناوشاریش نایەت لە هۆتێلەکان بمێنێتەوە."
سەبارەت بە چێشتخانەکانیش زیرەك بیا گوتی: "چێشتخانەکان بەهۆی کۆرۆناوە داخرابوون، بەڵام بەم دواییە هەندێکیان بەشێوەی دلیڤەری خواردنیان دەگەیاند، بەو هۆیەوەش تووشی بێبازاڕییەکی زۆربوون، بۆیە دەتوانین بڵێین کەمبوونەوەی داهاتی چێشتخانەکانیش 75% بووە، کەوتوونەتە ژێر کاریگەرییە ئابوورییەکانی لێکەوتەکانی کۆرۆناوە."
لە شارەکانی هەرێمی کوردستان، زیاتر لە 80 گوندی گەشتیاری و هەزار و 850 رێستۆرانت و کافێ هەن.
لە 14-3-2020ـەوە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە حکومەتی هەرێمی کوردستان قەدەخەی هاتووچۆی راگەیاند، لە نیوەی مانگی ئایارەوە رێکارەکان سووکترکران، بەڵام قەدەخەی هاتووچۆی نێوان پاریزگاکان تاوەکو 15-6-2020 درێژ کرایەوە.



.png&w=3840&q=75)