رووداو دیجیتاڵ
لە رووداوێکى هاتوچۆى نێوان پاسێک و تەنکەرێکى سووتەمەنى لە زیقار 21 کەس گیانیان لەدەستداوە و نزیکەى 19 کەسی دیکەش برینداربوون کە بەشێکیان جەستەیان سووتاوە.
رووداوەکە ئەمڕۆ یەکشەممە، 7ى حوزەیرانى 2026، لەسەر رێگەیەکى گشتى قەزاى بەتحا لە زیقار روویداوە و پاسێک کە زیارەتکارى شیعەى تێدا بووە خۆى کێشاوە بە تەنکەرێکى سوتەمەنیدا و گڕى گرتووە.
وەزارەتى تەندروستیی عێراق رایگەیاند لە رووداوەکەدا 21 کەس گیانیان لەدەستداوە و 19ى دیکەش بریندار بوون کە هەندێکیان زیارەتکارى ئێرانى بوون و بۆ چارەسەرکردن گوێزراونەتەوە بۆ ناوەندە تەندروستییەکان.
پێشتر ئەحمەد ئیبراهیمى، ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى زیقار لە نەخۆخشانەى فریاکەوتنى زیقارەوە (کاژێر 6:45 ) بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "تاوەکو ئێستا گیانلەدەستدانى 15 کەس تۆمار کراوە کە هاووڵاتى عێراقی خەڵکى بەسرەن و 19 کەسى دیکە بریندارن کە 10یان جەستەیان سووتاوە و چارەسەرى تەندروستى وەردەگرن و دووانیان زیارەتکارى ئێرانى بوون."
ئەو پاسە لە نەجەف و کەربەلاوە زیارەتکارانی بەرەو بەسرە گواستووەتەوە کاتێک لەسەر رێگەی سەرەکی تووشی ئەو رووداوی هاتووچۆیە بووە.
نەواس سەباح شاکر، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پاسێک کە زیارەتکارانی شیعەی دەگواستەوە، تیمەکانی بەرگریی شارستانی ئاگرەکەیان کوژاندووەتەوە و تاوەکو ئێستا (کاژێر 6:00ی ئێوارە) هەشت تەرمیان دەرهێناوە، بەڵام ژمارەی کۆتایی قوربانیانی ئەو رووداوە لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە رادەگەیێندرێت.
بەهۆی جەژنی غەدیر، زیارەتکارانی شیعە سەردانی مەزارگە ئایینییەکان دەکەن لە هەردوو پارێزگای نەجەف و کەربەلا.

.jpg&w=3840&q=75)