رووداو دیجیتاڵ
سەرۆكوەزیرانی عێراق دەڵێت، "زیادبوونی توانای هێزە ئەمنییەكانمان رێگەخۆشكەر بووە بۆ كشاندنەوەی نزیكەی 60%ی هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە چەند مانگی رابردوودا".
بەپێی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی عێراق، رۆژی چوارشەممە 7ی نیسانی 2021 مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق سەرۆكایەتیی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی كردووە و دوایین پێشهاتە ئەمنییەکانیان لە وڵات تاوتوێ كردووە.
لە دەستپێكی كۆبوونەوەكەدا كازمی جەختی لە پاراستنی وڵات كردووەتەوە، ئەوەش لەڕێگەی بەهێزكردن و بونیادنانەوەی دامەزراوە دەستوورییەكان، لە سەروو هەموویانەوە سوپا و دامەزراوە ئەمنییەكانی دیكە.
بە گوتەی مستەفا كازمی، پەیوەندییەكانی عێراق لەسەر ئاستی ناوچەکە و نێودەوڵەتی زۆر باشە و دەشڵێت "هەفتەی رابردوو عێراق پەیوەندییەكی تایبەتی لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەر و جیهان بەخۆیەوە بینی، ئەوەش لەڕێگەی هەردوو سەردانە فەرمییەكەمان بۆ سعودیە و ئیمارات، هەروەها سەردانە بەردەوامەكانی شاندە نێودەوڵەتییەكان بۆ هاوكاری و پشتگیریكردنی عێراق".
دانوستاندنی ستراتیژیی نێوان ئەمریكا و عێراق تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوو، بە گوتەی سەرۆکوەزیرانی عێراق "لە دانوستاندنی ستراتیژیی نێوان عێراق و ئەمریكادا ژمارەیەك دۆسیەی سیاسی، ئابووری، تەندروستی، کولتووری و ئەمنی لەنێوان هەردوو وڵات تاوتوێ دەکرێن؛ هەروەها باس لە بوونی هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەکرێت كە بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش هاتوونەتە عێراق و رۆڵی كاریگەریان لەو بوارەدا هەیە".
مستەفا کازمی باسی لەوەش کردووە "زیادبوونی توانای هێزە ئەمنییەكانمان رێگەخۆشكەر بووە لە كشانەوەی نزیكەی 60%ی هێزی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە چەند مانگی رابردووی تەمەنی ئەو حكومەتەدا و ئەمەش واتای ئەوەیە عێراق دەتوانێت لە ماوەیەكی کورتدا چیدیکە پێویستی بە یەكە سەربازییەكانی وڵاتانی بیانی نەمێنێت و تەنیا پێویستی بە راهێنان، راوێژكاری و هاوكاریی لۆجستی و هەواڵگری دەبێت".



