رووداو - تەندروستی
لە سەرەتای مانگی حوزەیرانی ئەمساڵەوە، ناوەندە تەندروستییەکانی عێراق هۆشدارییەکی توند لەبارەی بڵاوبوونەوەی بڕێکی زۆر لە "بۆتۆکس"ی ساختە و کوالێتی نزم لە بازاڕەکاندا دەدەن. ئەم ماددە مەترسیدارانە بوونەتە هۆی رەوانەکردنی دەیان هاوڵاتی بۆ بەشەکانی فریاکەوتن بەهۆی دەرکەوتنی نیشانەی ژەهراویبوونی توند.
بەپێی راپۆرتە پزیشکییەکان، ئەو کەسانەی بۆتۆکسی ساختەیان لێدراوە، دوای 10 رۆژ تووشی نیشانەی مەترسیدار بوون، لەوانە: هەناسەتوندییەکی زۆر کە دەگاتە ئاستی خنکان، تێکچوونی بینین و دابەزینی پێڵووی چاوەکان. پزیشکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هەندێک لە نەخۆشەکان تووشی ئیفلیجی یان لاوازی ماسولکەکانی قوڕقوڕاگە بوون، بە شێوەیەک کە نیشانەکانیان لە جەڵتەی مێشک دەچێت و توانای قوتدانی خواردنیان نامێنێت.
دکتۆرە یاسمین حەیالی، پزیشکی پسپۆڕی نەشتەرگەری جوانکاری، رایگەیاند کە هۆکاری سەرەکی ئەم کارەساتە تەندروستییە دەگەڕێتەوە بۆ هاوردەکردنی ماددەی بێ سەرچاوە و بێ پشکنین (کە زۆربەی لە چینەوە دێت). هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە پلەی گەرمی بەرزی عێراق و خراپی کۆگا، ماددەکان دەگۆڕێت بۆ ژەهرێکی کوشندە. جگە لەوەی هەندێک بازرگان لۆگۆی براندە جیهانییەکان لەسەر ماددەی بێ کوالێتی بەکاردەهێنن بۆ هەڵخەڵەتاندنی خەڵک.
لایەنە پەیوەندیدارەکان هۆشداری دەدەن لەوەی زۆرێک لە هاوڵاتیان بۆ دەستکەوتنی نرخی هەرزانتر، پەنا دەبەنە بەر سەرتاشخانەکان و ئەو سەنتەرانەی مۆڵەتی فەرمییان نییە، ئەمەش ژیانیان دەخاتە مەترسییەکی راستەقینەوە.
وەزارەتی تەندروستی عێراق داوا لە هاوڵاتیان دەکات تەنها سەردانی ناوەندە پزیشکییە مۆڵەتپێدراوەکان بکەن و لە کاتی بینینی هەر سەرپێچییەک پەیوەندی بە بەشی پشکنینی وەزارەتەوە بکەن. پزیشکان جەخت دەکەنەوە کە پێویستە هاوڵاتیان دڵنیابنەوە لەوەی بۆتۆکسەکە جۆری "گاز"ی تاقیکراوە بێت، نەک جۆری "پۆدەر" کە بە قاچاخ دەهێنرێتە وڵاتەوە.
سەرۆکی سەندیکای پزیشکانی عێراق دەڵێت؛ تا ئێستا هیچ کەیسێک تۆمار نەکراوە.
.png&w=3840&q=75)
.png&w=3840&q=75)

