رووداو- دهۆک
لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان، رۆژی پێنجشەممە زۆرترین ژمارەی مردنی تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە پارێزگای دهۆک بووە، گوتەبێژی تەندروستیی پارێزگاکەش دەڵێت: 166 تووشبووی کۆرۆنا باری تەندروستییان ناجێگیرە، لەو ژمارەیە 38 تووشبوویان لەژێر ئامێری هەناسەدانی دەستکرددان.
هەمزە رەزیکی، بەرپرسی راگەیاندنی تەندروستیی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە سنووی تەندروستیی دهۆک 38 تووشبووی کۆرۆنا لەژێر ئامێری هەناسەدانی دەستکرد (سیپاپ) دان، 128 تووشبووش لەنەخۆشخانە ئۆکسجینیان لەسەرە، بەگشتی هەموویان باری تەندروستییان ناجێگیرە."
هەمزە رەزیکی، هۆکاری زۆربوونی تووشبووان بە کۆرۆنا لە سنووری پارێزگای دهۆک بۆ چەند هۆکارێک گەڕاندەوە لەوانە "پابەندنەبوونی هاونیشتمانیان بە رێکارەکانی خۆپاراستن و زیادبوونی ژمارەی بەریەککەوتن لە رۆژانی جەژنی قورباندا."
بەپێی راگەیێندراوی وەزارەتی تەندروستی کە 22-7-2021 بڵاوکراوەتەوە، لەسنووری پارێزگای دهۆک هەزار و 783 پشکنینی کۆرۆنا کراوە، لەدوای هەولێر و سلێمانی دهۆک لەڕووی زۆری ژمارەی تووشبووانەوە لە ریزبەندی سێیەمین دایە، کە 233 کەس تووشی کۆرۆنا بوون.
لە رووی ژمارەی چاکبوونەوە دهۆک لەپێش پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانەوەیە کە 320 تووشبوو چاکبوونەتەوە، لە دهۆک 10 کەس مردوون، لەدوای ئەو پارێزگای سلێمانی 8 کەس و هەولێر 4 کەس بە کۆرۆنا مردوون.
لەساڵی رابردووەوە تاوەکو ئێستا لە سنووری پارێزگای دهۆک 74 هەزار و 780 کەس تووشی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیە 69 هەزار و 691 کەسیان چاکبوونەتەوە، هەزار و 110 تووشبووش گیانیان لەدەستداوە.
هەمزە رەزیکی، گوتی: "تاوەکو ئێستا دوو نەخۆشخانەی لالاڤ و چارەسەری کۆرۆنا تەرخانکراون بە تووشبووانی کۆرۆنا، کە شوێنی 240 کەسمان هەیە، جارێ بڕیار نییە نەخۆشخانەی دیکە تایبەت بکەین بە توشبووانی کۆرۆنا، بەڵام ئەگەر ژمارەکە زیاتر بێت ناچارین نەخۆشخانەی دیکەش تەرخان بکەین."
بەپێی داشبۆردی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا، تاوەکو رۆژی پێنجشەممە 22/7/2021 بەگشتی 209 هەزار و 220کەس تووشی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیە 189 هەزار و 481 کەسیان چاکبوونەتەوە، 4 هەزار و 648 کەسیش گیانیان لەدەستداوە.


