رووداو دیجیتاڵ
مانگی رەمەزان نزیکەی هەفتەیەکی ماوە وەزارەتی تەندروستیی عێراق رایگەیاند، چاودێریی رەوشی تەندروستیی وڵاتانی دراوسێ دەكات، هیچ بەڵگەیەكیش نییە لەبارەی هاتنی شەپۆلێكی نوێی كۆرۆنا بۆ عێراق، لە مانگی رەمەزانیش هیچ رێكارێكی نوێ ناگیرێتەبەر.
ریاز عەبدولئەمیر، بەڕێوەبەری تەندروستیی گشتی لە وەزارەتی تەندروستی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هیچ بەڵگەیەك نییە لەبارەی هاتنی شەپۆلێكی نوێی كۆرۆنا بۆ عێراق، شارەزایانیش چاودێریی ئەوانە دەكەن كە پێكوتەیان وەرگرتووە، هیچ بەڵگەیەكیش نییە لەسەر ئەوەی پێكوتەكان كاریگەرییان لەسەر كۆرۆنای نوێ هەیە یان نا".
تاوەكو ئێستا وەزارەتی تەندروستیی عێراق 336 هەزار ڤاكسینی جۆری ئەسترازێنیكا و 50 هەزار ڤاكسینی سینۆفارمی چینی وەرگرتووە و راستەوخۆ لەسەر دامەزراوە تەندروستییەكانی بەغدا و پارێزگاكان و هەرێمی كوردستان دابەشكراوە.
لە 25ی ئاداری رابردوو حەسەن تەمیمی، وەزیری تەندروستیی عێراق گوتی: "16 ملیۆن ڤاكسینی دیكە رەوانەی عێراق دەكرێت و بەشێوەیەكی دادپەروەرانە لەسەر دامەزراوە و فەرمانگە تەندروستییەكان دابەش دەكرێت".
سەبارەت بە كاریگەریی ڤاكسینەكە وەزیری تەندروستی رایگەیاند: "لەلایەن رێكخراوی تەندروستیی جیهانی پەسندكراوە، هاوكات جەختی لەسەر پابەندبوون بە رێنماییەكان كردەوە، بەتایبەتی بەكارهێنانی دەمامك، دووركەوتنەوە لەیەكدی لە پێناو پاراستنی تەندروستی و سەلامەتی هەمووان".
هەروەها جەختی لەسەر گرنگیی وەرگرتنی ڤاکسینی دژە ڤایرۆسی کۆرۆنا كردەوە و گوتی: "پرۆسەی پێدانی پێکوتە زۆر باش بەڕێوەدەچێت، تاوەکو ئێستاش 93 هەزار و 21 کەس لە عێراق پێکوتەی دژە ڤایرۆسی کۆرۆنایان وەرگرتووە".
پێشتر نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق رایگەیاند: "لە چەند هەفتەی داهاتوو 1.1 ملیۆن ڤاكسین لەرێگەی كۆڤاكسەوە دەگاتە عێراق، تاوەكو كۆتایی ئەمساڵیش 20%ی دانیشتووان دەكوترێن".
تاوەکو ئێستا 873 هەزار و 568 کەس لە عێراق و هەرێمی کوردستان تووشی کۆرۆنا بوون، 778 هەزار و 535 لەو تووشبووانە چاکبوونەتەوە، واتا 89 %ی تێکڕای تووشبووان، هەروەها 80 هەزار و 570 تووشبووی کۆرۆنا هێشتا چارەسەر وەردەگرن، 453 لەو تووشبووانە لەژێر چاودێریی چڕدان، 14 هەزار و 463 تووشبووش گیانیان لەدەستداوە.



