رووداو دیجیتاڵ
مانگێک بەسەر گەیشتنی یەکەم کاروانی ڤاکسینی کۆرۆنا بە عێراق تێدەپەڕێت، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق لەبارەی دابەشکردنی ڤاکسین رايگەیاند، تاوەکو ئێستا 50 هەزار ژەمە ڤاكسینی سینۆفارم و 386 هەزار ژەمە ڤاكسینی ئەسترازێنیكا گەیشتوونەتە عێراق، زیاتر لە 40 هەزار کەسیش ڤاکسینیان وەرگرتووە.
سەیف بەدر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی فەرمی عێراقی رايگەیاند، "وەزارەت بۆ وەرگرتنی ڤاكسین لەلایەن هاووڵاتیانەوە پشت بە تیمە گەڕۆكەكان نابەستێت، بەڵكو پشت دەبەستێت بە تۆمارەكانی پەیجە ئەلیكترۆنییەكانی وەزارەت بۆ بەدەستهێنانی ڤاكسین لەلایەن هاووڵاتیان".
لەبارەی ژمارەی ئەو ڤاکسینەی بۆ عێراق دابینکراوە، سەیف بەدر دەڵێت، كۆڤاكس (سیستەمی دابەشکردنی ڤاکسینی کۆرۆنا بەسەر وڵاتان) نزیكەی 16 ملیۆن ژەمە ڤاكسینی بۆ عێراق دابینكردووە كە بەشی 8 ملیۆن کەس دەكات، بەو پێیەی پێویستە هەر كەسێك دوو جار ڤاكسینەكە وەربگرێت، هەروەها 2 ملیۆن ژەمە ڤاكسینی سینۆفارم و 8 ملیۆن ڤاكسینی فایزەریش دابینكراوە، هەوڵەكانیش بەردەوامن بۆ بەدەستهێنانی نزیكەی ملیۆنێك ژەمە ڤاكسینی جۆری سپوتینکی رووسی، ئەو پێكوتانەش لە چەند رۆژی داهاتوودا دەگەنە عێراق.
مانگێک پێش ئێستا بۆ یەکەمجار 50 هەزار ژەمە ڤاکسینی سینۆفارمی چینی بە فڕۆکەیەک گەیشتە عێراق و هەر لەو رۆژەشدا دەست بە پێدانی ڤاکسینەکە بە کارمەندانی تەندروستی کرا.
دوای ڤاکسینی سینۆفارم، نزیکەی دوو هەفتە پێش ئێستا 336 هەزار ژەمی ڤاکسینی ئەسترازێنیکا گەیشتە عێراق و پشکی هەرێمی کوردستانیشی تێدا بوو.



