رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ هەینی، 22-7-2022 لەگەڵ کردنەوەی بازاڕەکان، نرخی زێڕ بەرزبووەوە، لەکاتێکدا رۆژی رابردوو بۆ نزمترین ئاست لە ماوەی یەک ساڵی رابردوو دابەزیبوو. ئەمڕۆ هەر ئۆنسەیەک بە 1712 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا. هاوکات نرخی نەوتی برێنتیش بە 104 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت. هاوکات نرخی یۆرۆش دابەزی.
نرخی زێڕ
لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا هەر ئۆنسەیەک زێڕ بەرزبووەوە بۆ 1718 دۆلار، بەڵام دواتر نرخەکەی کەمێک دابەزی و کاژێر 07:30 خولەکی بەیانیی ئەمڕۆ هەینی بەکاتی هەولێر، هەر ئۆنسەیەک بە 1712 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
رۆژی پێنجشەممە، نرخی زێڕ بۆ ئاستی 1689 دۆلار کە نزمترین ئاستیەتی لە ماوەی یەک ساڵی رابردوودا، دابەزی.
ناجێگیریی نرخی زێڕ لە دوای ئەوە دێت کە بانکە ناوەندییەکانی جیهان بەتایبەتی بانکی ناوەندیی ئەمریکا و ئەوروپا ئامادەکاری بۆ بەرزکردنەوەی سوودی بانکی دەکەن.
لە رۆژانی 26 و 27ـی ئەم مانگە چاوەڕوان دەکرێت بانکی ناوەندیی ئەمریکا بە رێژەی 0.75٪ سوودی بانکی بەرزبکاتەوە.
ئیلیا سپیڤاک، شرۆڤەکاری کۆمپانیای راوێژکاریی (دەیلی ئێف ئێکس) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "بەرزبوونەوەی رێژەی هەڵاوسان و پاشان بەرزکردنەوەی سوودی بانکی دەبێتە هۆکار بۆ کەمبوونەوەی خواست بۆ کڕینی زێڕ."
نرخی نەوت بەرزبووەوە
نیگەرانی لە کەمبوونەوەی خواست بەهۆی ئەگەری سستبوونەوەی ئابووریی ئەمریکا بووەتە هۆکار بۆ دابەزینی نرخی نەوت. بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە، هەر بەرمیلێک نەوتی برێنتی دەریای باکوور بە 106 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا، هەرچەندە بەرەبەیانی ئەمڕۆ لەکاتی کردنەوەی بازاڕ کەمێک بەرزبووەوە نرخەکەی، بەڵام بەراورد بە رۆژی رابردوو دوو دۆلار دابەزیوە.
نرخی نەوت لە چەند رۆژی رابردوودا بە ناجێگری ماوەتەوە. لەلایەکەوە نیگەرانی لە کەمبوونەوەی خستنەڕووی نەوتی رووسیا هۆکار بووە بۆ بەرزبوونەوەی نرخەکان و لەلایەکی دیکەشەوە نیگەرانی لە کەمبوونەوەی خواست هۆکار بووە بۆ دابەزینی نرخەکان.
نرخەکان بەمشێوەیەن:
بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت بە 104 دۆلار و 76 سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت.
بەرمیلێک نەوتی خاوی رۆژئاوای تێکساس بە 97 دۆلار و 15 سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت.
بەهای دۆلار بەرامبەر دراوە جیهانییەکان:
100 دۆلار بەرامبەرە بە 148 هەزار و 600 دیناری عێراقی
یۆرۆ - دۆلار 1.018 EUR/USD
پاوەند - دۆلار 1.196 GBP/USD
دۆلار - یەن 137.766 USD/JPY
دۆلار - لیرە 17.72 USD/TRY
یەک دۆلار - ریاڵ (تمەن) 31 هەزار و 950 تمەن USD/IRR
یەک دۆلاری ئەمریکی: 56.53 روبڵی رووسی


.jpg&w=3840&q=75)

.jpg&w=3840&q=75)