رووداو دیجیتاڵ
کۆبوونەوەی وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت ناسراو بە ئۆپێک پڵەس کە لە 13 ئەندامی رێکخراوی ئۆپێک بە سەرۆکایەتیی سعودیە و 10 ئەندامی دەرەوەی رێکخراوەکە بە سەرۆکایەتیی رووسیا پێکدێت، کۆتاییهات و لە راگەیێندراوی کۆبوونەوەکەدا هاتووە، بەردەوام دەبن لە جێبەجێکردنی پلانی زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت بەو بڕەی پێشتر لەسەری رێککەوتبوون.
رۆژی پێنجشەممە 02-12-2021 ئەندامانی ئۆپێک پڵەس لەڕێگەی ڤیدیۆکۆنفرانس کۆبوونەوە و رێککەوتن کە لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی داهاتووەوە رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوتی زیاتر بخەنە بازاڕەوە.
کۆبوونەوەی ئۆپێک پڵەس لە کاتێکدا بەڕێوەچوو کە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای گۆڕاوی ئۆمیکرۆن ماوەی چەند رۆژێکە نرخی نەوت ناجێگیرە و 14%ی بەهاکەی لەدەستداوە. ئەمڕۆش دوای کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەکە، نرخی نەوت دابەزینێکی دیکەی تۆمارکرد، بەشێوەیەک کە نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت بۆ 68 دۆلار و نەوتی سووکی تەکساسیش بۆ خوار 65 دۆلار دابەزی.
پێش بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکە، بەشێک لە شرۆڤەکارانی بازاڕی نەوت پێشبینییان دەکرد، بەرهەمهێنەرانی نەوت بەهۆی دابەزینی چەند رۆژی رابردووی نرخی نەوت پلانی زیادکردنی بەرهەمهێنان رابگرن یان کەمتر لە 400 هەزار بەرمیل نەوت بخەنەڕوو.
سەرەڕای بڕیارەکەی ئۆپێک پڵەس بە پابەندبوون بە پلانی زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت، بەڵام هێشتا جێگەی رەزامەندیی ئەمریکا نییە کە داوای لێکردوون ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت زیاتر لەو بڕە زیاد بکەن. لە چەند مانگی رابردوودا بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، نرخی سووتەمەنی لە زۆربەی وڵاتان بەتایبەت لە ئەمریکا، چین، هیندستان، ژاپۆن و کۆریای باشوور کە بەکارهێنەری سەرەکیی نەوتن، بەرزبووەوە. ئەو وڵاتانە بۆ دابەزاندنی نرخی نەوت بڕیاریاندا نەوتی یەدەگی ستراتیژیی خۆیان بخەنە بازاڕەوە.
مانگی نیسانی ساڵی رابردوو بەهۆی دابەزینی مێژوویی نرخی نەوت، ئەندامانی ئۆپێک پڵەس رێککەوتن 9.6 ملیۆن بەرمیل نەوتی کەمتر بەرهەمبهێنن کە دەکاتە 10%ی کۆی بەرهەمی نەوتی جیهان.
بەپێی رێککەوتنی نێوان ئەندامانی ئۆپێك پڵەس، لە مانگی ئەیلوول و تشرینی یەکەمی ئەمساڵەوە دەبوو مانگانە 400 هەزار بەرمیل نەوتی زیاتر بەرهەمبهێنن، لە کاتێکدا توانیویانە 700 هەزار بەرمیل زیاد بکەن، ئەوەش کەمترە لە ئامانجەکەیان کە 800 هەزار بەرمیلە. ئێستا هەر 23 ئەندامەکەی ئۆپێک پڵەس 3.8 ملیۆن بەرمیل نەوتی کەمتر بەراورد بە پێش بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا بەرهەمدەهێنن.


.jpg&w=3840&q=75)
