رووداو دیجیتاڵ
نێردەیەکی بەریتانیا لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانی حکومەتە نوێیەکەی تاڵیبان لە کابوول کۆبووەوە و باسیان لە کێشە سەرەکییەکانی ئەفغانستان کرد.
رۆژی سێشەممە 5-10-2021 وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا رایگەیاند، سایمن گاس، دیپلۆماتی باڵای بواری سڤیلی بەریتانیا لەگەڵ هەریەکە لە عەبدولغەنی برادەر، جێگری یەکەمی سەرۆکوەزیران و عەبدولسەلام حەنەفی، جێگری دووەمی سەرۆکوەزیران کۆبووەوە.
بەگوێرەی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا لە کۆبوونەوەکەدا باس لە یارمەتیدانی بەریتانیا بۆ ئەفغانستان کراوە بۆ ئەوەی لە قەیرانی مرۆیی و تیرۆردا هاوکاری بکات و بەریتانیا داوای لە کردنەوەی رێگەیەک کردووە بۆ ئەوانەی دەیانەوێت ئەفغانستان جێبهێڵن.
هاوکات گوتەبێژێکی حکومەتی بەریتانیا رایگەیاند، ئەوان باسیان لە مافی کەمینەکان، ژنان و کچان کردووە، دەشڵێت، بەریتانیا هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی رێگەیێکی سەلامەت بۆ ئەوانە بکاتەوە کە دەیانەوێت ئەفغانستان جێبهێڵن.
هەروەها عەبدولقەهار بەلخی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی حکومەتەکەی تاڵیبان گوتی، لە کۆبوونەوەکە گفتوگۆیەکی قووڵ لەبارەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان لەنێوان هەردوو وڵات کراوە، گوتیشی، وەزیری دەرەوەی ئەفغانستان داوای لە بەریتانیا کردووە بۆ ئەوەی لاپەڕەیەکی نوێ لە پەیوەندیی بونیاتنەرانە هەڵبداتەوە.
کۆبوونەوەی بەرپرسێکی باڵای حکومەتی بەریتانیا بە یەکەم کۆبوونەوەی بەریتانیا لەگەڵ تاڵیبان دادەنرێت لەدوای جێهێشتنی هێزە بیانییەکان لە ئەفغانستان.
ئەمەش لەکاتێکدایە کە ئێستا ئەفغانستان بە "قەیرانێکی قووڵی" خۆراک، دارایی و تیرۆردا تێپەڕدەبێت و نەتەوە یەکگرتووەکان داوا دەکات هاوکاریی بەپەلە بگەیێنرێتە ئەفغانستان.

.jpg&w=3840&q=75)

.jpg&w=3840&q=75)