رووداو دیجیتاڵ
لە کۆمەڵگەی شاوێس، کارکردن لە پرۆژەیەکی خزمەتگوزاری، سەرەداوێک دەردەخات کە مێژووی نیشتەجێبوون لەو ناوچەیەی هەولێر بۆ چەند هەزار ساڵ پێش ئێستا بگەڕێنێتەوە.
ئەم شوێنەوارە مێژووییە کاتێک دۆزراوەتەوە کە ویستوویانە وێستگەیەکی نوێی کارەبا دانێن، بەڵام پێویستبووە ئاوەڕۆی ئەو شوێنە بگوازنەوە، بۆیە لەکاتی هەڵکەندنی شوێنەکە، شێنەوارە مێژووییە بەدەردەکەوێت، سەرەتا هاونیشتمانییەک کە بەوێدا تێپەڕیوە گۆزەیەکی بینیوە و بەرپرسانی شوێنەوارناسیی ئاگادارکردووەتەوە.
هاونیشتمانییەکە کە نایەوێت بناسرێتەوە، خێرا فەرمانگەی شوێنەوار ئاگاداردەکاتەوە و تیمەکانی شوێنەواری هەولێر دەست بە کنە و پشکنین دەکەن.
تاوەکو ئێستا 13 گۆزەی گەورە کە زیاتر بۆ راگرتنی خۆراک بووە و چەندین پارچەی دیکەی شوێنەواری کە بۆ پێوان و کێشان بەکارهاتوون، دۆزراونەتەوە.
رەفیق رەسوول، بەڕێوەبەری کاروباری شوێنەوار رایگەیاند "هەندێن لە بەڵگەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لەم شوێنە هەشت هەزار ساڵ لەمەوبەر ژیان هەبووە، ئەم شوێنە کە ئێمە تێیدا کار دەکەین 100 مەتر لە سەنتەری گردەکە دوورە، گەر لەوێ کار بکرێت رەنگە تەواوی قۆناخەکانی ژیان دەرکەون، ئەو سەردەمانەی کە لێرە زۆر بەرچاون، سەردەمی ناوەڕاستی هەزارەی پێش زایینە، واتە 3500 ساڵ پێش ئێستا، سەردەمی ساسانیان 1700 ساڵ پێش و هەروەها سەردەمەکانی دوای ئیسلام لەبەرچاون، بەتایبەت سەردەمی عەباسیەکان. ئەو گۆزانە دەگەڕێنەوە بۆ 1700 ساڵ پێش ئێستا".
هەرچەند شوێنەواری هەولێر پێشتر ئەو شوێنەی لە نەخشەی شوێنەواری جێگیرکردبوو، بەڵام نەبوونی هاوئاهەنگیی فەرمانگەکان، بووەتە هۆی ئەوەی لەم شوێنە مێژووییە بیناسازی بکرێت.
نادر بابەکر، بەڕێوەبەری شوێنەواری هەولێر دەڵێت "دەمەوێت لێرە ئەو پەیامە بگەیێنم بە هەموو ئەوانەی خاوەن پرۆژەن، بەبێ ئاگاداریی شوێنەوار، دەست لە هیچ شوێنێک مەدەن، چونکە گەر تێکدرا دواتر خەسارەتێکی گەورەیە".
ئەو پارچە شوێنەوارانەی لە کۆمەڵگەی شاوێس دۆزراونەتەوە، گواستراونەتە مۆزەخانەی هەولێر و دوای کار و لێکۆڵینەوەی زیاتر لەسەریان، وردەکاریی نوێ لەسەر ئەو گردە مێژووییە رادەگەیێندرێت.

.jpg&w=3840&q=75)
