رووداو دیجیتاڵ
لە هەولێر هەندێک لە هێڵەکانی گواستنەوە نرخیان زیادکرد، بەڕێوەبەری گواستنەوەی هەولێریش دەڵێت، نرخیان وەکو خۆی لێکردووەتەوە، لە سلێمانیش کێشەی کەمی گاز بۆ پاسەکان درووستبووە، بەڵام نرخی گواستنەوە بەرز نەکراوەتەوە.
رۆژی سێشەممە 29-3-2022، عەبدولخالق عەلی، بەڕێوەبەری گواستنەوەی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، چوار بۆ پێنج رۆژ هێڵەکانی پاس لە هەولێر نرخی گواستنەوەیان لە 500 دینارەوە کردبوو بە 750 دینار، بەڵام ئێستا کراوەتەوە بە 500 دینار.
لە هەولێر هەزار و 71 پاس و مینی پاس لە 33 هێڵدا بۆ گواستنەوەی هاووڵاتییان لەنێو شاردا کاردەکەن، بەڕێوەبەری گواستنەوەی هەولێر ئاماژەی بەوە كرد، بەنزینخانەی تایبەتیان بۆ سەرجەم ئەو پاسانە تەرخانکردووە بۆ ئەوەی لیترێک بەنزینیان بە 690 دینار پێبدرێت و بەوهۆیەوەش نرخی گواستنەوەیان کردەوە بە 500 دینار.
لە سنووری پارێزگای سلێمانی 27 هێڵ هەن، لەنێویاندا هەزار و 731 پاس هاووڵاتییان دەگوازنەوە، بە گوتەی سەرۆکی سەندیکای گواستنەوەی سلێمانی، نرخ لە هیچ هێڵێک بەرزنەبووەتەوە، بەڵام گاز گرانبووە و ئەمەش بووەتە گرفت بۆیان.
سەرۆکی سەندیکای گواستنەوەی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تاوەکو ئەمڕۆ نرخی هێڵەکانی نێوشار بەرزنەبوونەتەوە، بەنزینخانەی تایبەت دابینکراوە بۆ ئەو ئۆتۆمبێلانەی نەفەر دەگوازنەوە، بەڵام گرفتمان بۆ ئەو ئۆتۆمبێلانە هەیە کە بە گاز کاردەکەن و نرخی گازیش بەرزبووەتەوە".
جەلال ئەبوبەکر ئاماژەی بەوەش کرد، داوایان کردووە وێستگەیەکی تایبەت بۆ پاسەکان بکرێتەوە بۆ پێدانی گاز بە نرخی هەزارانتر لەوەی لە بازاڕەکاندا هەیە، گوتیشی، "چاوەڕوانی وەڵامی لایەنی پەیوەندیدارین".
لە زۆینەی گەڕەکانی نێو شارەکان کرێی گواستنەوەی یەک کەس 500 دینارە، لە هەندێک گەڕەکی دوورتر لەنێوشار 750 دینارە، لە رۆژانی رابردوودا لە هەولێر ئەوانەی پێشتر بە 500 دینار خەڵکیان گواستبێتەوە کردبوویان بە 750 دینار و ئەوەی دیکەش لە 750 دینارەوە کرابوو بە هەزار دینار.



.jpeg&w=3840&q=75)